head

 

 

 

حكومەتی دیموكراسی

 

 

 

جان ستوارت ميل

شێوەی حكومەت تا كوێ‌ گرێ‌ داوەتەوە بە ویست‌و هەڵبژاردنی ئێمە؟

 

لە هەموو ئایدیاكانی تایبەت بە شێوەی حكومەت، كەم تا زۆر شوێن پێی دوو تیۆری ناكۆك دەربارەی دامەزراوە سیاسیەكان یان بە واتایەكی تر، شوێن پێی دوو هەڵهێنجانی دژ بە یەك لەم بابەتە كە دامەزراوە سیاسیەكان لە بنەمادا چین، دەبیندرێ‌.

هەندێ‌ لە سەر ئەو باوەڕەن حكومەت جۆرێ‌ هونەری كردەییەو پرسێكی تایبەت بەرهەمناهێنێ‌ جگە لە ئامانج‌و رێگای گەیشتن بەو ئامانجە. ئەمانە شێوە جیاوازەكانی حكومەت بە میتۆدە عادییەكانی تر كە بە مەبەستی دابینكردنی پێویستیەكانی مرۆڤایەتی بە كاردەهێندرێ‌ دەشوبهێنن و لەسەر ئەو باوەڕەن حكومەت بە هەموو بونیادەكانیەوە درووستكراوی دەستی مرۆڤە، بەم پێشەكیەوە، بەڵگە دەهێننەوە چونكە مرۆڤ دروستكەری ئەم حكومەتانەیە، هەر ئەویش دەتوانێ‌ دروستیان نەكات، یان ئەگەری سازیانی كرد، گەڵاڵە و پلانەكەی بەویستی خۆی هەڵبژێری‌و دابڕێژێ‌. بە پێی ئەم بەڵگانەندنە، پرسی حكومەت دەبێ‌ وەك هەر پرسێكی تر كە مەبەستەكەی سوود و بەرژەوەندییە بزانرێ‌ و گەڵاڵەكەی بە وردی دابڕێژرێ‌. لەم بوارەدا مەرجی هەنگاوی یەكەم ئەوەیە ئێمە ئەو ئامانجانەی دەسەڵاتەكان بۆ پێشبردنیان دروستدەكرێ‌، پێناسە بكەین. دواتر لێكی بدەینەوە‌و بزانین كام بەشی حكومەت بۆ ئەنجامدانی ئەو مەبەست‌و ئامانجە بە كەڵكترە. ئەوكانەی خەیاڵمان لەم بارەوە ئاسوودەبوو، واتە  شێوەی حكومەتیمان دیاریكرد، كە چاكە تێیدا لە لوتكەدایە‌و خراپە كەمترنیە، تەنها شتێك كە دەمێنێتەوە ئەوەیە رەزامەندی هاونیشتمانەكانمان یان رەزامەندی ئەو كەسانەی كە ڕێكخراوە بۆ ئەوان دامەزراوە بە دەستبهێنین‌و ناچاریان بكەین بەوەی باوەڕێ‌ كە ئێمە بە نهێنی دەربارەی شێوەی حكومەت پێی گەیشتوین و پەسەندی بكەن‌و رازی بن پێ‌.

دۆزینەوەی باشترین شێوەی حكومەت‌و رازیكردنی دیتران بەوەی ئەوەی ئێمە پێی گەیشتووین لە هەر حكومەتێكی تر باشترە، دواتر هاندانیان بەوەی خۆیان سووربن لەسەر وەها حكومەتێك، ئەم سێ‌ شتە بە هەمان ریز كە باس كرا، لە بیركردنەوەی هەموو ئەوانەی كە لایەنگری تیۆری سیاسی سەرەوەن جێی خۆشكردەو. ئەمانە راست وەك ئامرازی جووت كردن( كێڵان) یان لە كیتەی دانەوێڵە وردكردن چاو لە یاسای بنەڕەتی دەكەن.

لەبەرانبەر ئەم تاقمەدا، تاقمێكی تر لە بیریارانی سیاسی هەن كە ئامادەنین شێوەی حكومەت بە مەكینەیەك بشوبهێنن، بەڵكو وەك بەرهەمێك چاوی لێدەكەن، كە ئازادانە لە نەبوونی بەرهەم هاتووە، ئەگەر كەسێك لە چاویلكەی ئەم گرووپەوە چاو لە حكومەت بكات، زانستی دەسەڵاتدارێكی وەك بوارێ‌ لە مێژووی سروشتی دەبینێ‌. لە دیدی ئەمانەوە ئەوە ئێمە نین بە پێی حەزو وسیتی خۆمان شێوە و شكڵی حكومەت دیاریدەكەین، بەڵكو بە هەر شێوەیەك گەیشتین بە شكڵاو شێوەیەكی حكومەت، دەبێ بەهەمان دۆخ بیپارێزین. ناكرێ‌ حكومەت‌و دەسەڵاتدارێتییەكان بە پێی پلانی پێشتر دابڕێژرێن و بونیادبنرێن. دەسەڵات و حكومەتەكان( سازكراوی دەستی مرۆڤ نین بەڵكو دەڕوێن). لە بەرامبەر وەها "رێكخراوەگەلێكی سیاسی روەكدا" دەبێ‌ هەمان كار بكەین كە لەبەرامبەر راستیەكانی جیهانی دەورووبەرماندا ئەنجامی دەدەین، بەم مانایە كە تایبەتمەندییەكانیان قبووڵا بكەین.

لە روانگەی تاقمێكەوە كە سەر بەم قوتابخانە فیكریەن، دامەزراوە‌و رێكخراوە سیاسیەكانی نەتەوەیەك وەك نەمامێك دەچن كە لە خاكی،سرشت‌و خوو و هەڵسوكەوتی ئەو نەتەوە‌وە سەریانهەڵداوە‌و بە تێپەڕینی كات بەهێز دەبن.ئەمجۆرە دامەزراوانە خوڵقاوی داب‌و نەریت، غەریزە، ئاوات و خواستە نادیارەكانی نەتەوەكانن و زۆركەم روودەدات بە بیركردنەوە‌و پلانی پێشترەوە دابڕێژرێن. ئێرادەی خەڵك هیچ پشكدار نییە لەم بوارەدا، واتە لە رواندنی نەمانی دەسەڵاتدا، جگە لەوەی لە كاتی پێویستدا رێگا چارە‌و نەخشەیەك كە لە هەمان ساتدا بە مێشكی داهاتووە بباتەكار، ئەم رێگا چارەیە ئەگەر بەڕادەی پێویست لە گەڵا خوو و هەستی نەتەوەیی ئەو خەڵكەدا بێتەوە زۆربەی كات رەگ دادەكوتێ‌‌و دەمێنێتەوە. ئەوكاتەی بە تێپەڕینی كات ژمارەی ئەم جۆرە گەڵاڵە‌و ( رێگە چارانەی سەرچاوە گرتووە پێویستییەوە) ، زیادیكرد دەسەڵات‌و یاسای نەتەوەیەك ساز دەبێ‌ تەنها بۆ ئەو نەتەوەیە دەشێ‌ و كارێكی بێ‌ هوودەیە ئەگەر بمانهەوێ‌ دەسەڵات یان ئەو یاسایەكی بنەڕەتیی، بە سەر خەڵكێكدا داسەپێنێ كە لەگەڵا بارودۆخ و خووی ئەو نەتەوەیەدا ناتەبایەو ئازادانە پەروەردەی نەكردووە.

ئەگەر بەراست دەكرێ‌ لامان وابێ‌ كە هەركام لەم دووباوەڕە جیاوازە وەك تیۆرییەكی جێگیر پەسەند بكرێ‌ كە هیچ گومانێكی تێدا نییە، راستی ئەوەیە دژوار بوو مرۆڤ بڕیاربدات كامیان لەویتریان باشترە. بەڵام بەرهەمێك كە خەڵك بە ووروژانەوە باسی لێدەكەن بە زۆری هیچ نییە جگە لە دەربڕینی ناتەواوی باوەڕەكانیان، ئەگینا كەس باوەڕناكات ئەم كارە لە دەست هەر نەتەوەیەك بەدی بكرێ‌، كە هەرچەشنە دەسەڵاتداری، یان هەرچەشنە یاسایەكی بنەڕەتی، پەسەند بكات‌و بەختەوەر بێ‌ بە هۆی پەسەندكردنییەوە. ئەگەر شوبهاندنێك كە دەربارەی ئامرازی میكانیكی بە كاریان هێنا تا دوایین ئاست گەشەی پێ‌ بدەن ، دەبیندرێ‌ مرۆڤ تەنانەت شیش‌و ئاسن پێویستی ژیانی تەنها لەو رووەوە كە باشترین شیش و باشترین ئاسنەكانن هەڵنابژێرێ‌ بەڵكو بەر لەوە بیر لەوە دەكاتەوە ئاخۆ ئەو ئامرازانەی تری هەیە كە دەبێ‌ لەگەڵا ئەم دوانەدا پێكەوە بهێنرێن یان نە، بەتایبەت بیر لەوە بكاتەوە. ئەو كەسانەی كە بڕیارە ئەم ئامرازانە بە كار بهێنن زانیاری و لێهاتوویی تایبەت بە بەكارهێنانیان هەیە

لە لایەكی ترەوە، ئەوانە دامەزراوە سیاسیەكان بە گیانلەبەر‌و روەكەكان دەشوبهێنن بە پێچەوانەی ئەوەی وتەكەیان نیشانیدەداو، وەها نین بەرژەوەندی خۆیان بسپێرن بە قەزاو قەدەر. مەبەستی ئەوان ئەوە نییە خەڵكی جیهان بێ‌ كاریگەرن لە پرسی هەڵبژاردنی دەسەڵاتێك كە بە سەریاندا حكومەت دەكات یان هەر ئەو خەڵكەی ئەو كاتەی بڕیاردەدەن حكومەت بە سەرتر بزانن لە دەسەڵاتەكانی تر كەمتەرخەمن لەوەی بیر لە ئەنجامەكانی سەرچاوە گرتووە لە خوو و سروشتی سیاسی حكومەتەكان بكەنەوە. بەڵام هەرچەند هەر كام لەم دوو گرووپە، بە هۆی دژایەتیكردن لەگەڵا گرووپەكەی تر، هەموو كارێك دەكەن بۆ گشتاندنی بیرو ڕای خۆیان و كەس ناتوانێ‌ ئەم تیۆریانە بێ‌ گۆڕان لەهەر كامەیاندا قبووڵا بكات، خودی ئەم ڕاستیە كە دوو باوەڕی لێكدژ بەرامبەریەك وەستاونەتەوە، باس لە جیاوازی قووڵی نێوان ئەم دوو بیركردنەوە دەكات، هەرچەند روون و ئاشكرایە، كە هیچ كامیان بە تەواوەتی راست نییە، بەڵام چونكە ئەمەش ئاشكرایە كە هیچكامیان هەڵە نییە، كەوایە دەبێ‌ هەوڵا بدرێ‌ درز بكرێتە ناو رەگی ئەم دوو تێوری‌و بۆ ئەوەی بزانرێ‌ تا چەند راستی لە هەركامەیاندا  شاراوەیە.

لە پلەی یەكەمدا پێویستە ئەوە بە یاد بهێنینەوە دامەزراوە‌و رێكخراوە سیاسیەكان بە دەست خەڵك سازكراون‌و بوونیان گرێ‌ دراوەتەوە بە ئیرادە و خواستی مرۆڤەوە‌و لەم بارەوە قەرزداری مرۆڤ ‌و تاكەكانی كۆمەڵن. خەڵك بەیانیەك لە خەو هەڵنەستاون ببینن ئەم دامەزاروانە وەك قارچك لە خاكەوە سەریان دەرهێناوە. هەروەها ئەم دامەزراوانە وەك دار ناچن، لەگەڵا ئەوەی ناشتان چ ئاگا بین‌و چ نووستوو درێژە بە گەشەی خۆیان دەدەن.  ئەمانە لە هەركام لە قۆناغەكان بوونی خۆیاندا هەمان ئەو شتەن كە كارو هیمەتی مرۆڤ ویستوویەتی، لەم رووەوە وەك هەموو ئەو كارانەی بە دەستی مرۆڤ ئەنجامدراوە رەنگە باش یان خراپ لە گڵ دەربێ‌، ئەمە گرێ‌ دراوەتەوە بەو لێهاتوویی و وردبینیەی لە بەرهەمهێنانیاندا بەكاربراوە. هەروەها ئەگەر نەتەوەیەك كەمتەرخەم بێت بەرامبەر بەم بابەتە یان بە هۆی گوشاری دەرەكیەوە توانای ئەوەی نەبێ‌ بە شێوە ئەزموونی( زیان دیتی و رێگا چارە هەڵبژاردن) ببێ‌ بە خاوەن یاسایەكی بنەڕەتی بەهێز، یان ژێر دەستانی ئەو نەتەوە بەهێز دەبن  بەرامبەر چەوسێنەران ناوستنەوە بەڵكو شان و شكۆیان پێدەدن، وەستانی پێشكەوتنی سیاسی لە ژیانیاندا بە هۆی كەمتەرخەمیەوەیە بە دڵنیاییەوە لە زەرەریاندایە. بەڵام ئیتر ئەمە بەو مانایە نییە رێگا چارەیەك كە لە بواری تردا بە كار براوە و ئەنجامی لێ كەوتۆتەوە، لە بارەی ئەوانەوە ئەگەر تاقی بكرایەتەوە ئەنجامی خراپی لێ دەكەوتەوە یان ئەگەر رۆژێ‌ هەمان رێگا چارەیان هەڵبژارد، بە زەرەریان نەبوو.

لەو روەوە، دەبێ‌ ئەمەش لەبەرچاو بگرین مەكینەی سیاسی لە خۆڕا كار ناكات بەڵكو وەك ئەوەی بە دەست خەڵك سازكراوە، دەبێ‌ بە دەست ئەو خەڵكەش بكەوێـتەكار، ئەم خەڵكەش پێویست ناكا شارەزا و پسپۆر بن. تەنانەت خەڵكی عادیش دەتوانن ماشێنی حكومەت بخەنەكار. بۆ كاركردنی تەنها ئەوە بەس نییە كە خەڵك رازی بن، بەڵكو بەشداریان پێویستەو شكڵا‌و بینای مەكینەی حكومەت دەبێ‌ لەگەڵ ستاتیكا و تایبەتمەندی ئەو خەڵكەی لەبەردەستدان بێتەوە ئەمەش پێویستی بە سێ‌ شتە.

1-ئەو خەڵكەی دامەزراوەی حكومەتیان بۆ لەبەرچاوگیراوە دەبێ‌ خۆیان ئەو دامەزراوەیە قبووڵا بكەن و یان ئەوەندە كەمترخەم نەبن بەرامبەری كە ببن بە لەمپەرێكی گەورە لەبەردەم سەرهەڵدان و گەشەی وەها حكومەتێكدا

2-دەبێ‌ بیانهەوێ‌ و شیاوی ئەوەبن بۆ پارێزگاری لەو حكومەتە ئەوەی لە دەستیان دێ‌ ئەنجامیبدەن.

3-دەبێ‌ بیانهەوێ‌ و شیاوی ئەوەش بن، داواكارییەكانی حكومەت جێ‌بەجێ‌ بكەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان

وشەكانی"بیكەن" و "ئەنجامی بدەن" دەبێ‌ وەها مانا بكرێنەوە كە خەڵكیش كارەكانی ئەو  حكومەتەی هەڵیانبژاردوە قبووڵا بكەن‌و كار بكەن بۆ پاراستنی ئەو حكومەتە. بە كورتی، دەبێ‌ شیاوی ئەوە بن" هەلومەرجی " كاركردن" و" هاوسەنگی پاراستن" بپارێزن، چونكە ئەم هەلومەرجە هەم  بۆ گەرەنتی ئەو حكومەتەی سازكراوە پێویستە و هەم بۆ هێزبەخشین بەو دەسەڵاتە بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانەی هەڵی بژاردوە بە ئەنجام بگەیەنێ‌.

لە ئەگەری نەبوونی هەر كام لەم هەلومەرجاندا، ئەو حكومەتەی بۆ نەتەوەیەك دیاریكراوە، هەرچەند داهاتووی لە رووی ترەوە‌و لە رێگای ترەوە، هیوا بەخش بێت، دەبێ‌ گرێ‌ بدرێتەوە بەو نەتەوە تایبەتەوە‌و ئەنجامەكەی شكست دەبێ‌.

لەمپەری یەكەم، واتە بێزاری و رقی خەڵك لە پەسەندكردنی حكومەتێك كە پێیان پێشنیار كراوە، پێویست بە نموونە هێنانەوە ناكات چونكە لە رووی تیۆرییەوە هیچكات ناكرێ‌ ئەم بابەتە لەبەرچاو نەگیردرێ‌. ئەم پرسە هەردەم دێتە پێش و هیچكات نابڕێتەوە. هیچ هێزێ‌ جگە لە زۆری شمیری دەرەكی ناتوانێ سوور پێستەكانی ئەمریكای باكوور ناچار بكات ملكەچی یاساكانی حكومەت‌و دەسەڵاتێكی شارستانی بن. نموونەی ئەم شتە بە هەندێ‌ گۆڕانی بچووكەوە دەكرێ‌  دەربارەی ئەو وەحشیانە وەك نموونە بێنینەوە ئیمپراتۆری رۆمی كۆنیان نایە ژێر پێ‌. تێپەڕینی سەدەكان‌و گۆڕانی تەواوەتی بارودۆخەكە پێویست بوو بۆ ئەوەی ئەم وەحشیە سەركەوتوانە لەگەڵا بنەماكانی نەزم‌و پرەنسیپ دا ئاشنا بن‌و ملكەچی فەرمانی رێبەرەكان، تەنانەت ئەو رێبەرانەی خۆیان هەڵیانبژاردبوو بن. لە جیهاندا هەن نەتەوەگەلێك كە هیچكات بە شێوەی خوازراو ملكەچی حكومەتێك جگە لە حكومەت و دەسەڵاتدارێتی كۆمەڵێك بنەماڵەی رەسەن، كە لە كۆنەوە رێبەرانێكیان بۆیان بارهێنانەوە، نابن. هەندێ‌ لە نەتەوەكان جگە لەوەی خاكی وڵاتەكەیان لە لایەن هێزە بیانییەكانەوە داگیر بكرێ‌، دەسەڵاتی هیچ رژیمێكی پاشایەتیان قبووڵا نیە. هەندێ‌ تر بە هەمان رادە لە حكومەتی كۆماری بێزارن. ئەم جۆرە لەمپەرانە زۆربەی كات كێشە ساز دەكات بۆ كاركردنی حكومەتەكان.

بەڵام لە هەمانكاتیشدا نموونەگەلێك هەیە، كە خەڵك لەگەڵا ئەوەی دژ بە قبوڵكردنی حكومەتێك نین، بەڵكو رەنگە لە دڵیشەوە ئاواتی ئەو چەشنە حكومەتە بخوازن، بەڵام بە كردەوە نایانهەوێ‌ یان ناتوانن هەلومەرجی هاتنە سەركاری ئەو چەشنە حكومەتە بڕەخسێنن- ئەوەندە توانایی و لێهاتووییان نییە كە كۆمەڵێك لەم هەلومەرجانە كە تەنانەت بۆ ناوهێنان لەم حكومەتانە پێویستە بڕەخسێنن- بەم شێوەیە رەنگە نەتەوەیەك حكومەتی ئازادی لەچاو سەرجەم چەشنە دەسەڵاتدارێتییەكان بەدڵا بێت، بەڵام ئەگەر هەر ئەم نەتەوەیە بە هۆی كەمتەرخەمی، ترس یان نەبوونی رووحیەتی خزمەت بە خەڵك، ناتوانێ‌ هەوڵا بدات بۆ پاراستن‌و هاتنە سەركاری وەها دەسەڵاتێك، ئەگەر ئامادەنین بۆ پاراستن و پاسەوانی لێی، ئەو كاتەی دەكەوێتە بەر هێرشی هێزە دەرەكیەكان، خەبات بكەن، ئەگەر دەتوانن لە ئاست فێڵا و تەڵەكە چاویان بنوقێنن و بێ‌ ئەوەی هیچ بەهایەك بدەن ئازادی لە دەست بدەن، ئەگەر بە هۆی بێ‌ هیواییەك كە كوت‌و پڕ دەستیان پێ‌ دەگات، ترسێكی كورت ماوە، یان بە هۆی هۆگریان بە كەسێكی هەڵكەوتە، دەكرێ‌ فریو بدرێن و  ناچاربكرێن ئازادییەكانیان بكەن بە قوربانی بەر پێی پیاوێ‌، تەنانەت پیاوێكی مەزن، یان ئەوەی كە دەستی ئەو پیاوە ئەوەندە ئاوەڵا بێت كە بتوانێ‌ دامەزراوەو قوتابخانە نەتەوەییەكانی خەڵك بڕووخێنێ‌ ، لە هەموو ئەم نمونانەدا ئەو خەڵكانەی ئەم كارانە دەكەن شیاوی ئازادی نین‌و هەچەنن رەنگە بەرژەوەندییان لەوەدا بێـت كە ئەم ئازادیانەیان بۆ ماوەیەكی كورت هەبێت، بەڵام شتێكی بێ‌ ئەگەرە بتوانن بۆ ماوەیەكی درێژ بە ئازادی بژین.

رەنگە نەتەوەیەكیش نەیهەوێ‌ یان نەتوانێ‌ ئەو ئەركانە جێ‌بەجێ‌ بكات كە حكومەتێكی تایبەت پێی دەسپێرێ‌. تاكەكان ئەم نەتەوەو تووڕە هەرچەنە تا رادەیەك ئاگاداری بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگایەكی شارستانین، رەنگە بەكردەوە نەتوانن ئەو ئەرك‌و كارانەی پێویستە بۆ پاراستنی وەها كۆمەڵگایەك جێ‌بەجێ‌ بكەن. رەنگە ئەوەندە لووتبەرزبن ملكەچ بوون بە یاسایەك بە شەرم بزانن بۆ خۆیان و ئامادە نەبن بەرژەوندییە تایبەتییەكانیان لە بەرچاو نەگرن و بە جێگای یاسا خۆیان تۆڵە بسێننەوە، لەوەها نمونەگەلێكدا، حكومەتێك ئەگەر بەراست بیهەوێ‌ لە بەرژەوەندی جەماوەردا كار بكات ناچارە تارادەیەك دیكتاتۆری بێت. واتە حكومەتێك بێـت كە تاكەكان نەتوانن خۆیان دەسەڵات بگرنەدەست، بە شێوەیەك كە سیستەمی حكومەت بتوانێ‌ یاسا سەقامگیر بكات.

هەروەها ئەو خەڵكەی كە بەكردەوە هاوكاری بەڕێوەبەرانی یاسا ناكەن، تەنها شیاوی ئازادییەكی بەرتەسك و چوار چێوە دارن. ئەو خەڵكەی ئامادەن تاوانكارێ‌ لە ماڵەكەی خۆیاندا حەشار بدەن بە جێگای ئەوەی لەمەترسی ئەو بترسن، ئەو خەڵكەی وەك هیندییەكان دزێ‌ كە ماڵەكەیانی دزیوە لە ماڵەوە حەشار دەدەن و سوێند دەخۆن نەیاندیوە، نەوەك ئەگەر هاتوو دژی شاهیدیان دا بكەونەبەر رق و تووڕەیی  دزەكەوە، خەڵكانێك كە وەك بەشێك لەنەتەوە ئەوروپییەكان تا ئەم دواییانە، ئەگەر بە چاوی خۆیان دەیاندی چەقۆ كێشێ‌ لەناو شاردا، خەریكە پیاوێ‌ دەكوژێ‌، پشتیان تێ‌ دەكرد لەو بەری شەقامەكەوە رەت دەبوون، بەو بیانووەی بەرگرتن بە وەها رووداوێ‌ كاری پاسەوان و پۆلیسە، باشتروایە مرۆڤ لە كارێكدا كە پێوەندی بەوەوە نیە دەخاڵەت نەكات و خۆی تێ‌ وەرنەدات، ئەو خەڵكانەی  بە بیستنی هەواڵی ئیعدامی كەسێك نیگەران دەبن بەڵام كە دەبیستن كەسێكی تر تیرۆركراوە هەست بە نیگەرانی ناكەن، بۆئیدارە كردنی وەها خەڵكانێك بەرێوەبەرانی حكومەت و یاسا ناچارن هێزی زۆرتر بەكاربێنن لەچاو ئەوەی لە شوێنەكانی تر پێویستە، چونكە لەوەها دۆخێكدا ئەو هێزە تەنها گەرەنتی پاراستنی پێویستیە سەرەتاییەكانی ژیانێكی رێك‌وپێك‌و شارستانیانەیە.

ئەم جۆرە هەستە ناخۆشە لە بارەی هەر نەتەوەیەك كە تازە لە گوشاری ژیانێكی وەحشیانە رزگاری بووە، بێ شك بەهۆی خراپی دەستەڵاتی پێشترەوەیە، كە فێریكردوون شێوەی فێڵا‌و تەڵەكە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئامانجێك جگە لە بەرژەوەندییەكانی ژیانی ئەوان دروستكراوە، چاو لە یاسا بكەن. هەروەها وەك دوژمنانێكیش چاو لە بەڕێوەبەرانی یاسا بكەن، كە مەترسیان لەو كەسانەی بە ئاشكرا یاسا پێشێل دەكەن زۆرترە. بەڵام ئەو خەڵكانەی لەگەڵا ئەم چەشنە خوو و عادەتانەدا گەورە بوون، هەرچەند بێ‌ تاوانیش بن، هەرچەند ئەو ئەگەرەش هەبێت سەرەنجام لە ژێر چەتری دەسەڵاتدارییەكی تردا چاك دەبن و دەگۆڕدرێن، تا ئەو كاتەی ئەو خوو و عادەتانەیان ماوە، بەبێ‌ داسەپاندنی هێز، ئەویش هێزێكی زۆر، ئیدارە ناكرێن. خەڵكانی شارستانی كە خۆیان پشتیوان و لایەنگری یاسان و ئامادەن هاوكاری بكەن بۆ بەڕێوەچوونی یاسا، بە كەمترین هێز ئیدارە دەكرێن.

هەروەها ئەو كاتەی شارۆمەندانی وڵاتێك ئەوەندە گرێدراو نین بە دەسەڵاتەوە كە بڕۆنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگبدەن، یان ئەگەر دەنگیاندا لە رووی بەرژەوەندی گشتیەوە دەنگ نادەن، بەڵكو بەرامبەر بە پارە دەنگەكەیان دەفرۆشن یان دەنگ بە كەسانێك دەدەن كە دەسەڵاتیان بە سەریانەوەیە و تەنها بۆ خۆشیرین كردن و نزیك بوونەوە لێیان دەنگیان پێ‌ دەدەن، لە لای وەها خەڵكانێك دامەزراوە سیاسی‌و دیموكراتیكەكان، جگە لەوەی هیچ بەهایەكی نییە، بەڵكو رەنگە ئامرازێ‌ بێت بۆ زۆر بێژی و فێڵاو تەڵەكە، ئەو هەڵبژاردنە گشتیەی لە  وەها هەلومەرجێكدا بەڕێوەدەچێ‌ لە بری ئەوەی گەرەنتی بێت بۆ باشكاركردنی مەكینەی دەسەڵات، جۆرێ‌ لەمپەرە كەوتۆتە بەردەم ئەو مەكینە خراپە.

بەدەر لەم لەمپەرە ئەخلاقیانە، ئێمە لەگەڵا كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكدا رووبەرووین كە زۆربەی كات كۆسپێكی لە شكست نەهاتووە لە بەردەم رێگای هەڵبژاردنی شكڵی حكومەتدا. رەنگە لە جیهانی كەناردا سەربەخۆیی تەواوی تاك‌و ناوچەبوونی بووبێت( زۆربەی كاتیش هەروابووە) بەڵام حكومەت بەمانای حكومەتێكی رێك‌وپێكی نەتەوەیی تەنها لە دەروون چوارچێوەی دیواری كۆمەڵگایەكی جیاوازی شاریدا پێكدەهات‌و بڵاوبوونەوەی بیروڕای گشتی بوونی نەبوو، مەگەر بەناو ئەو نەتەوە‌و خێڵەدا كە لە بازاڕی گشتی شاردا كۆی دەكردنەوە بۆ ئەوەی دەربارەی پرسە گشتیەكانی گفتوگۆ بكەن‌و بڕیار بدەن. ئەمڕۆكە بە گشتی لەسەر ئەو باوەڕەن كە ئەم لەمپەرە بە پەسەندكردنی سیستەمی حكومەتی دیموكراسی لەناوچووە. بەڵام بۆ شكاندنی تەواوەتی ئەم لەمپەرە پێویست بوو سەرەتا بڵاوكراوەكان‌و رۆژنامەكان بە تیراژی(ئەژمار)ی زۆرەوە لە كۆمەڵگای مرۆییدا درووست ببن، كە دەكرێ‌ بە بەرامبەری راستەقینەی"پنۆكس"‌و"فورۆم (1)" ناویان لێ ببرێت، هەرچەند بەراوردكردنیان‌و لێهاتووییان لە هەموو بوارەكانەوە ناگاتە ئەم دوانە(2)

لە جیهاندا نمونەی ئەو كۆمەڵگایانە زۆر هەن كە لە رژیمی پاشایەتی سەرەڕای ئەوەی هەرێمی گەورەی بەدەستەوە بووە نەیتوانیوە درێژە بە ژیانی خۆی بدات‌و بە تەواوەتی لێكترازاوە‌و دابەش بووە بەڵاتانێكی بچووكتر لە ژێر دەسەڵاتدارێتی پاشایەتیە بچووكەكاندا، یان ئەوە بووە بە تەواوەتی لێك جیابوونەتەوەو سەربەخۆ بوون یان ئەوەی بە تاڵگەێكی زۆر لاواز و باریكەوە ( وەك یەكیەتیە فئودالیەكان) پێكەوە گرێ‌ دراون. ئەم دابەش بوونە سیاسیی‌و جوگرافیایە لەوێوە دێ كە مەكینەی هێزی پادشا، لەو رووەوە بەرادەی پێویست ئامادەو پرچەك نەبووە نەیدەتوانی فەرمان و دەستوورەكانی حكومەتی ناوەند لەو بەشانەی لە وڵاتدا كە دوور بوون لە پایتەخت، بەرێوە ببات. ئەم حكومەتە بۆ ئەوەی بەهرەمەند بێت لە ملكەچبوونی شارۆمەندان‌و ئەرتەشەكەی، زیاتر پشتی بە وەفاداربوونی خوازیارانەیان دەبەست.

هەروەها لەو سەردەمەدا كە بكرێ‌ لە رێگایەوە باج لە خەڵك وەربگیردری و بۆ ئەو هێزانەی سەرف بكرێ‌ كە بۆ ملكەچكردنی ناڕازییەكانی وڵاتێكی گەورە پێویست بوو. بەڵام دەبێ‌ بزانین كە لەم دۆخەداو لە دۆخی وێكچووی ئەم دۆخەدا، رادەی ئەو لەمپەرانەی كە لە بەردەم دەسەڵاتێكدا هەیە رەنگە كەم یان زۆر بێت، بەبێ‌ ئەوەی بە تەواوەتی ببێ‌ بە هۆی رووخانی حكومەت لێدانە لە كاركردی حكومەت و زۆر زیانبەخشە بۆی، یان ئەوەیە شارۆمەندانی وڵاتت پەنا بباتە هەر جۆرە حكومەتێك كە بكرێ‌ جێگای بگرێتەوە.

ئێمە ئێستا سێ‌ مەرجی بنەڕەتیمان دایە بەرباس كە پێویستە شێوەی حكومەتێك لەگەڵا تایبەتمەندیی ئەو جەماوەرەی كە بڕیارە حكومەت دەسەڵاتدارتیشیان بەسەردا بكات، دابڕێژرێ‌. ئەگەر لایەنگرانی بۆچوونی كە دەكرێ‌ بە( تێوری گەشی سرووشتی دامەزاوە سیاسیەكان)  The naturalistic chicory of politics    ناوی لێ ببرێ‌ جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەكەنەوە كە دەبێ‌ ئەم سێ‌ مەرجە بوونی ببێت، ئەگەر مەبەستیان ئەوە بێت هیچ حكومەتێك ناتوانێ‌ لەسەر دەسەڵات بمێنیتەوە مەگەر ئەوەی مەرجی یەكەم و دووهەم و تارادەیەكی زۆریش مەرجی سێهەم جێ‌بەجێ‌ بكات، تیۆرییەكەیان كە بەمە بەرتەسك كراوەتەوە هیچ رەخنەیەكی لەسەر نییە. ئەوەی ئەمانە دەربارەی پێویستیەكانی( بونیادێكی مێژوویی بۆ قوتابخانەو دامەزراوە سیاسیەكان یان دەربارەی هاوئاهەنگ بوونی ئەو دامەزراوانە) لەگەڵا داب و نەریت و تایبەتمەندییە نەتەوەییەكان‌و شتی تری لەم چەشنە پێمان دەڵێن، هەموویان لە قۆناغی كۆتایی یان ئەم سێ‌ مەرجە كە لە سەرەوە باسكرا مانا دەدا یان ئەوەیە لە بابەتەكە بە تەواوی دوورە. لەم دوو رستە‌و رستەكانی تری لەم چەشنەدا بەرادەیەكی زۆر توێكڵێكی سەنتیمانتاڵی ئامادەیی هەیە كە ناوەكی لۆژیكی بابەتەكەی داپۆشیوە. بەڵام كە بەكردەوە لێكیان دەدەینەوە دەبینین هەموو ئەو شتانەی نەیاران بانگەشەی بۆ دەكەن پێویستی بنەڕەتی سەرهەڵدانی دامەزراوەی سیاسییە، لە راستیدا هیچ نییە جگە لە كۆمەڵێك ئاسانكاری بەكردەوە دەرهاتنی سێ‌ مەرجی سەرەوە. ئەوكاتەی باوەڕو بۆچوون و خووەكانی خەڵك رێگا خۆشكەر بوو بۆ سەرهەڵدانی رێكخراوێكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی یان كۆمەڵێك لەم ئۆرگانانە. جگە لەوەی دەكرێ‌ ئاسانتر خەڵك ناچار بكرێ‌ ملكەچی ئەو دامەزراوانە بن، بەڵكو ئاسانتر دەكرێ‌ هەر ئەو خەڵكە فێر بكرێ‌ كە چۆن پاسەوانیان لێ بكەن و بیانپارێزن و چۆن بەكاریانبێنن هەتا ئەنجامی باشتریان لێ بكەوێتەوە.

هەركات یاسا دارێژێ‌ لە كاتی داڕشتنی یاسادا كەڵك لەم خوو و عادەت‌و هەستانە وەرنەگرێ‌ كە رابردووییەكیان هەیە لەناو خەڵكدا، بێ‌گومان تووشی هەڵەیەكی گەورە دەبێ، بەڵام زێدەرۆییە ئەگەر پێگەی ئەم شتانە لە خۆڕا ببەینە سەرو بە" مەرجی پێویست" یان بزانین. راستە زۆر ئاسانتر دەكرێ‌ خەڵك ناچار بكرێ‌ كە شتێك كە خووی پێوە گرتووە ئەنجامبدات و ئاسانتر دەتوانێ، بەڵام هەر ئەم خەڵكە دەتوانن كارگەلێك فێربن‌و ئەنجامی بدەن كە تازەیە بۆیان. بێگومان ناسین یارمەتیدەرێكی گەورەیە، بەڵام كە مرۆڤ بە بەردەوامی لە سەر ئایدیا و بیركردنەوەیەك وتووێژی كردو لێی راما سەرەنجام لەگەڵی ئاشنا دەبێ‌، هەرچەند لە سەرەتادا هیچ ئاشناییەكی لەو بارەوە نەبووبێت. زۆرن ئەو نموونانەی كە تاكەكانی نەتەوەیەك خوازیاری تاقیكردنەوەی شتە نوێكان بوون. ئاستی توانایی نەتەوەیەك بۆ ئەنجامی كارە نوێكان و تواناییان بۆ خۆ سازدان لەگەڵا دۆخی نوێ‌، سوچێكی تر لە باسەكەیە، هەروەها چۆنیەتییەكە كە لەودا نەتەوە جیاوازەكان و قۆناغە جیاوازەكان شارستانیەت پێكەوە، جیاوازن. ناكرێ‌ تواناییەكانی نەتەوەیەكی تایبەت. بۆ جێ‌بەجێ‌ كردنی مەرجەكانی دەسەڵاتێكی تایبەت، لە چوارچێوەی یاسایەكی گشتی دا باسیان لێوە بكرێ‌ و رێنوێنمان لەم بوارەدا ناساندنی ئەو نەتەوەیە، دادوەریەكی گشتی دەربارەی ئەو نەتەوەو هەروەها ئایندە بینە- هەروەها خاڵێكی تر هەیە كە نابێ‌ لە بیربكرێ‌: رەنگە نەتەوەیەك ئامادە نەبێ‌ دامەزراوە‌و رێكخراوە باشەكان پەسەند بكات.بەڵام داگیرسانی ئاگری حەز و ئاوات لە دەروونی وەها نەتەوەیەكدا مەرجی پێویستە بۆ ئامادەكردنیان. پڕوپاگەندە دەربارەی دامەزاروەیەك یان حكومەتێكی تایبەت، خستنەرووی بەرژەوەندی‌و خاڵە پۆزەتیڤەكانیان بۆ جەماوەر خۆی  یەكێك لەو شێوەكارانەیە كە بە یارمەتیان دەدات، جگە لە بیركردنەوەی نەتەوەیەك بۆ پەسەندكردن و قبووڵا كردنیٍ وەها حكووومەتێك، بەڵكو بۆ بە كارهێنانیش، دەكرێ‌ پەرەردە بكرێ‌. ئەم شێوازە زۆربەی جار ئامرازی گەیشتن بە ئامانجە.  بۆ وێنە لە پانتایی ژیانی بەرەی رابردوو و ئێستادا بۆ ئامادەكردنی خەڵكی ئیتالیا بە مەبەستی كۆ بوونەوەیان لە ژێر ئاڵای یەكیەتی‌و خەبات بۆ بە دەستهێنانی ئازادی، نەتەوە پەرەستانی ئەو وڵاتە چ ئامرازێكی تریان بە دەستەوە بوو جگە لە جۆشدانی ئەو خەڵكەی ئازادیان دەویست؟ لە هەمانكاتدا ئەو خەڵكەی وەها ئەركێكی پێویست بەئەستۆ دەگرن نابێ‌ بكەونە ژێر كاریگەری خاڵە باش و پۆزەتیڤەكانی ئەو حكومەتە، كە باسی دەكەن بۆ خەڵك، بەڵكو دەبێ‌ پێشتر دڵنیا بن لە ئاستە ئەخلاقی‌و عەقڵی و كردەیەكان بۆ بە جووڵە خستنی ئەو حكومەتە و تا ئەو شوێنەی دەكرێ‌ لە باسكردن لە‌و ئاوات‌و حەزانەی كە هێشتا نەتەوەیەك توانایی جێ‌بەجێ‌ كردنیانی نییە خۆیان ببوێڕن

لەوەی تا ئێستا باسمان لێوەكرد بەو ئەنجامە دەگەین لە سنووری ئەم سێ‌ مەرجەدا ( كە پێشتر باسی لێوە كرا) دامەزراوە سیاسیەكان و شێوەكانی جیاوازی حكومەت ئازادانە هەڵدەبژێردرێ‌. لێكدانەوەی ئەم بابەتە كە باشترین شكڵی حكومەت كامەیە، بە پێچەوانەی بیروڕای كۆمەڵێك كەس، بەلارێدابردنی بیركردنەوە نییە لە رێگای نەخشەیەكی خەیاڵیدا، بەڵكو بەكارهێنانی بیركردنەوەی زانستی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی گەورەی زانستی، چونكە ناساندنی باشترین دامەزراوە سیاسیەكان بۆ تاكەكانی نەتەوەیەك كە شیاوی قبووڵا كردنی ئەو دامەزراوە سیاسیەن و دەتوانن مەرجەكانی جێ‌بەجێ‌ بكەن یەكێكە لە عاقڵانەترین ئامانجەكان كە دەبێ‌ مرۆڤ بە كردەوە هەوڵی بۆ بدات.  هەر رەخنەیەك كە دەكرێ‌ لەم بارەیەوە، واتە دەربارەی پرسی حكومەت، لە ئیدارەو ئامانجەكانی مرۆڤی بگیردرێ‌، بابەتەكانی تریش دەگرێـتەوە. لە هەموو بوارەكانی چالاكی مرۆڤدا سنوورەكانی هێزی ئینسان زۆر بەرتەسكە. ئیرادەی ئینسان تەنها بەكەڵكوەرگرتن لە هێزەكانی سروشت دەتوانێ‌ كارێك ئەنجامبدات و لەم روەوە هێزێ‌ كە دەكرێ‌ بۆ ئەنجامدانی خواستی مرۆڤ بەكار ببرێ‌ دەبێ‌ لە  پلەی یەكەمدا بوونی ببێت و ئەم هێزانەش وەك دەزانین، بە پێی یاسای دیاریكراوی خۆیان كاردەكەن. ئێمە ناتوانین بەر بەشەپۆلی چۆمەكان بگرین بەڵام لەم زەلیلی و بێ‌ دەسەڵاتیەمان بە هیچ ناگەین كە" ئاشە باییەكان دروستكراوی دەستی مرۆڤ نین بەڵكو روەكن!" لە تەكنیكی سیاسەتیشدا، وەك تەكنیكی میكانیكی، هێزێ‌ كە ماشێن دەخاتە جووڵە دەبێ‌ لە دەرەوە دابین بكرێ‌. ئێستاكە ئەگەر ئەم هێزە بوونی نییە، یان ئەوەی لە ئاستێكدا نییە كە بە سەر لەمپەرەكانی جووڵەی ماشیندا زاڵا بێت، ئامرازە دروستكراوەكانی دەستی مرۆڤ لە كار دەكەوێ‌. بەڵام ئەم رووداوە تایبەت نیە بە تەكنیكی سیاسەت بەڵكو دەربڕینی بێ‌ پەردەو ئاشكرای هیچ مانایەك نادات كە زانستی سیاسەتیش لەگەڵا رووبەرووی ئەو بەرتەسكیانە دەبێتەوە كە بوارەكانی تری زانست رووبەرووی دەبێتەوە.

و: مستەفا زاهیدی

 

پەراوێزەكان:

1- (pnyx)(كە دەبێ‌ لە پنۆكس بخوێنرێتەوە) ناوی تەپۆڵكەیەكە كە ئەسینا لە سەردەمی دیمۆكراسی یۆنان كە ونارا. باسەكانی گرێ‌ دراو بە جەنگ‌و ئاشتی و هەڵبژاردنی فەرماندە نیزامییەكان ‌و هتد لەوێ‌ بڕیاریان لە سەر دەدرا. فۆڕۆم ناوی گۆڕەپانێكی گەورە بوو لە رۆمی كەونارا كە ناوەندی كۆبوونەوە سیاسیەكان بوو.

2- نابی لە بیربكرێ‌ ستوارت  میل ئەم بابەتەی نزیك بە 136 ساڵا لەمەوپێش نووسیوە، بەڵام ئەمڕۆكە هێزی میدیا گشتییەكان( رادیو و TV) لە بڵاوكراوەكانیش زۆر زۆرترە.

 

 

 

 

         

 

 
رۆشنگەری
وتار‌و بۆچوون

وڕێنەی نەدیایەم باوکت، ئەمردم وە حەسرەت دایکت

سەعید کاکەیی

كۆمەڵگای داخراو، كاوە گەرمیانی وەك دەرفەتێك بۆ روانین

مەریوان عەلی

سەرۆك نەخۆشە! بەڵام رەخنەكان وەك خۆیان ماون

هەردی عەلی

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان؛ له‌نێوان یۆتۆپیاو ئایدۆلۆجیادا...

ئاسۆ ئه‌مین

سێ شت به‌ پێوه‌رێكی دی.. رۆڵی پارتی

سه‌وسه‌ن هیرانی

ڕەشنووسی دەستوور و دانوستاندنی هەمەلایەنی ڕیزبەندانە

سەعید کاکەیی

له‌ په‌راوێزی كاندیدكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك، رایه‌كی جیاواز

مه‌ریوان عه‌لی

ئیسلامیزه‌كردن، فۆبیا‌و كاردانه‌وه‌

سه‌لام مارف

شۆڕشی داهاتوو، شۆڕشی دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامان ده‌بێت

سه‌لام مارف

بودجه‌ له‌نێوان ژیانێكی دادپه‌روه‌رانه‌و ناوێكی خوازراو بۆ به‌ سستماتیكه‌كردنی نادادپه‌روه‌ری

بێستون محمو‌د

 
رؤشنطةرى

C 2010 All right reserved, roshngari.com