head

 

 

 

 

ئه‌فسونی ئه‌کته‌ر: ئه‌فسون و ئاماده‌بونی ئه‌کته‌ر

 

سه‌رکاو هادی گۆرانی

 

ئه‌فسون و ئاماده‌بونی ئه‌کته‌ر

من وشه‌ کوردیه‌که‌ی (ئه‌فسون)م پێ جوانتره‌ بۆ ئاماژه‌دان به‌و بارگاویبون و بارگاویکردنه‌ی ئه‌کته‌ر ئه‌نجامی ده‌دات و پێی ناسراوه‌.

له‌ که‌لتوری میلله‌تانی هه‌موو دنیادا، ته‌نانه‌ت ئه‌و میلله‌تانه‌شی شانۆیان ناڵێم نیه‌ (چونکه‌ میلله‌ت نیه‌ شانۆی نه‌بێت، یان جۆره‌ها چالاکی نه‌بێت که‌ بنه‌مایه‌کی شانۆئامێزو شانۆئاسایان هه‌یه‌) به‌ڵکو نه‌بوه‌ته‌ دامه‌زراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یان ده‌وڵه‌تی، له‌ که‌لتوری هه‌مویاندا وشه‌ی ئه‌کته‌ر وابه‌سته‌ی وشه‌ی ئه‌فسونه‌. شانۆکاران خۆشیان له‌ زۆربه‌ی زمانه‌کاندا به‌م دیارده‌یه‌ ده‌ڵێن (ئاماده‌بونی ئه‌کته‌ر).

ئه‌فسون یان ئاماده‌بونی ئه‌کته‌ر له‌ کوێوه‌ دێ؟ چۆن پێناسه‌ ده‌کرێ؟ ئایا ئه‌کته‌ر ده‌توانێ فێریبێ، یان به‌ کارکردن پێی بگات؟

زۆر له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ ڕۆژیاواییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌م وشه‌یه‌دا نین، پێیان باشتره‌ به‌ ئه‌کته‌ره‌کانیان بڵێن، ئێستاو لێره‌، واته‌ له‌ ئێستادا لێره‌به‌. چونکه‌ ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات، ئێستا ڕووده‌دات و لێره‌، تۆش خه‌ریکی نواندن نیت، تۆ له‌ ئێستادایت، وه‌ درۆ مه‌که‌ بڵێیت لێره‌ نیم، یاخود دیوارێک له‌نێوان خۆت و بینه‌ردا دروست مه‌که‌ (دیواری چواره‌م).

تا برێخت، له‌ شانۆی ڕۆژئاوادا، ئه‌فسون بریتی بو له‌: دیواری چواره‌م، وه‌ شێوه‌یه‌کی زیاده‌ڕه‌وانه‌ له‌ نواندن. که‌ برێخت ئه‌و دیواره‌ی تێکشکاند، واته‌ ئه‌کته‌ر وا خۆی پیشان نادات ته‌نهایه‌ له‌ هۆڵه‌که‌داو بینه‌ری لێ نیه‌، وایکرد ئه‌کته‌ره‌کانی به‌ شێوه‌یه‌کی سروشتیتر بدوێن و بجوڵێن، بینیمان هیچ له‌ ئه‌فسونیان که‌م نه‌ده‌بوه‌وه‌، که‌واته‌ ئه‌فسونی ئه‌کته‌ر نه‌ له‌ دیواری چواره‌مه‌وه‌ دێت و نه‌ له‌ شێوازێکی زیاده‌ڕه‌وانه‌ له‌ نواندندا.

شانۆی ڕۆژئاوا زۆر هه‌وڵی تێگه‌یشتنی ئه‌م دیارده‌یه‌ی داوه‌، وه‌ هه‌وڵی پێناسه‌کردنی داوه‌، به‌ڵام تا ئێستا که‌س له‌گه‌ڵ که‌سدا کۆک نیه‌ له‌سه‌ر پێناسه‌و سروشتی ئه‌م دیارده‌ی ئه‌فسونی ئه‌کته‌ره‌. کرابێتیش، وه‌ک هه‌وڵه‌کانی ستانیسلاڤسکی و گرۆتۆڤسکی، ئه‌وا هه‌میشه‌ گه‌ڕان و گه‌ڕانه‌وه‌ بوه‌ بۆ ئه‌و شانۆیه‌ی به‌ درێژایی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک کاری به‌م دیارده‌یه‌ کردوه‌، ئه‌ویش شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتی دووره‌ (بالی، هیندستان، چین، ژاپۆن).

به‌ڵام ژنوپیاوه‌ گه‌وره‌کانی شانۆ هه‌میشه‌ ویستویانه‌ په‌ی به‌م نهێنیه‌ ببه‌ن. ستانیسلاڤسکی هه‌وڵیداوه‌ له‌ ڕێی ناسینی شێوه‌ شانۆی چینی (ئۆپێرای پکین)ه‌وه‌ له‌م نهێنیه‌ بگات، به‌هۆی هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ مامۆستاو ئه‌کته‌ری گه‌وره‌ی ئۆپێرای پکین (مای لافانگ)ه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌وردیش سه‌رنجی ڕاهێنان و مێتۆده‌که‌ی بده‌ین کاریگه‌ریه‌کان ده‌بینین. گرۆتۆڤسکی سه‌فه‌رێکی تایبه‌تی کرد بۆ هیندستان بۆ تێگه‌یشتن له‌م دیارده‌یه‌، وه‌هه‌ر له‌ شانۆی کاتاکالی و سه‌مای به‌هاراتاناتیامه‌وه‌ ڕاهێنانه‌کانی خۆی وه‌رئه‌گرت بۆ په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌کته‌ره‌کانی، به‌شکوم بگه‌نه‌ ئه‌وه‌ی به‌ خواستی خۆیان ئه‌م ئه‌فسونه‌ فێربن و به‌کاربێنن.

کتێبه‌ به‌نرخه‌که‌ی یۆجێنیۆ باربا (ئێنێرژیه‌ک له‌ سه‌مادا) هه‌وڵێکه‌ بۆ تێگه‌یشتن و ڕونکردنه‌وه‌و په‌رده‌لابردن له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌ی ئه‌فسونی ئه‌کته‌ره‌. له‌م کتێبه‌دا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک له‌ گه‌وره‌ ژنوپیاوانی نواندن کارکراوه‌، چارلی چاپلین، ئێتیێن دوکرو (داهێنه‌ری پانتۆمیمی مۆدێرن) جۆن ئیروین (ئه‌کته‌ری گه‌وره‌ی ئینگلیزی سه‌ده‌ی نۆزده‌) ڕێتسار چیسلاک (ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی گرۆتۆڤسکی) وه‌ کۆمه‌ڵێک ئه‌کته‌ری شانۆی ده‌مامکی بالی و سه‌مای هیندی به‌هاراتا ناتیام و...هتد. له‌م کتێبه‌وه‌ تێده‌گه‌ین ته‌نها ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان هێنده‌ قوڵبونه‌ته‌وه‌ له‌م دیارده‌یه‌و توانیویانه‌ نهێنیه‌کانی تا ڕاده‌یه‌ک ئاشکراکه‌ن و ڕژێمێکی ڕاهێنان و کارکردن بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌کته‌ره‌کانیان، تا ڕاده‌یه‌کیش بگه‌نه‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌فسون.

مه‌یێرخۆڵد بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئاماده‌بونی ئه‌کته‌ر، ئه‌کته‌ر به‌ کرێکارێکی کارگه‌ به‌راورد ده‌کات. کرێکارێک له‌ کاتێکدا خه‌ریکی ئه‌نجامدانی کارێکه‌، چی له‌له‌شیا ڕووئه‌دا؟ له‌شی له‌ چ بارودۆخێکایه‌؟

ئه‌و باس له‌ کۆمه‌ڵێک یاسای فیزیایی ده‌کات له‌شی کرێکاره‌که‌ به‌بێ زانین یان ناسینی زانستیانه‌ بۆ ئه‌م یاسایانه‌، په‌یڕه‌ویان ده‌کا. بۆ نمونه‌: کرێکار هه‌میشه‌ کاری به‌ هاوسه‌نگی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌ هاوسه‌نگیه‌کی ته‌واودا نه‌بێت، ناتوانێت ته‌واوی هێزی له‌شی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌که‌ی. یه‌کێکی تر له‌ یاساکان یاسای کێشمه‌کێشه‌، کرێکار هه‌میشه‌ له‌ نێوان ڕاکێشان و پاڵپێوه‌داندایه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره‌ کارێک. قاڵبون، کرێکار ئه‌گه‌ر قاڵ نه‌بێت به‌سه‌ر کاره‌که‌یه‌وه‌ هه‌ڵه‌ ده‌کات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ مه‌ترسیداربێ، توشی کاره‌سات ئه‌بێ. ئه‌مانه‌و هه‌ندێ یاسای تر.

ئه‌مه‌یه‌ وامان لێده‌کا کرێکارێکی ده‌سڕه‌نگین ده‌بینین بتوانین بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ته‌ماشایکه‌ین، وه‌ جوڵه‌و ده‌ست و له‌شی له‌ کاتی کارکردندا وه‌ک موقناتیس چاوه‌کانمان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. من ئه‌م دیارده‌یه‌م زۆر بینیوه‌و خۆشم چه‌نده‌هاجار چوم بۆ دوکانی هه‌ندێ هاوڕێی کڵاشکه‌ر، جۆڵا، یان دارتاش، وه‌ بینیومه‌ که‌سانێک ته‌نانه‌ت له‌ دوای ڕۆژێکی کارکردن شه‌که‌تبون، هاتون له‌لای ئه‌م وه‌ستایانه‌ به‌ ته‌ماشاکردنیان ده‌رونیان هێمن بکه‌نه‌وه‌، وه‌ ئه‌م ته‌ماشاکردنه‌ پشوی پێداو‌ن. ئایا ئه‌مه‌ له‌و ئه‌فسونه‌ ناچێت  ئه‌کته‌ر هه‌یه‌تی، وه‌ کارتێکردنی له‌سه‌ر بینه‌ره‌که‌ی، له‌و کاسارسیسه‌ ناچێ ئه‌ریستۆ باسی ده‌کا؟

 ئه‌فسونی ئه‌کته‌ر له‌ لایه‌نێکه‌وه‌ وه‌ک شاعیریه‌تی شاعیرێک یاخود جوانی ئافره‌تێک وایه‌، به‌ ڕاهێنانی دنیا پێی ناگه‌ین، وه‌ک میوانێک وایه‌ که‌ی ویستی خۆی بڕیار ده‌دات سه‌ر له‌ کێ بدا. کاری ئه‌کته‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ـیشه‌ ماڵه‌که‌ی ڕازاوه‌و پاکوته‌میز ڕاگرێت هه‌رکاتێک ئه‌م میوانه‌ ئازیزه‌ سه‌ری لێدا بتوانێ پێشوازی لێ بکا. ئه‌م میوانه‌ش وه‌ک هه‌موو میوانه‌کانی تری دنیا، زۆرتر ڕوو له‌ ماڵێک ده‌کات بزانێ ده‌توانێ تێیدا ئازادو ئاسوده‌بێ، ماڵێکه‌ پڕه‌ له‌ خۆشی و میواندۆستی، جێی خه‌وو خواردنی هه‌یه‌، جێی یاریکردنی هه‌یه‌، ماڵێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ هه‌موو شتێک، هه‌موو شتێک سه‌لیقه‌یه‌کی گه‌وره‌ پیشان ده‌دات لای دانیشتوان و خاوه‌ن و که‌یبانوی ماڵ.

ئه‌کته‌ری شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتی دوور

پێش ئه‌وه‌ی باسی ئه‌فسونی ئه‌کته‌ر بکه‌م له‌ شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتی دووردا، پێویسته‌ به‌ چه‌ند دێڕێک هه‌ندێ باسی شانۆکه‌یان بکه‌م.

شانۆی میلله‌تانی ڕۆشهه‌ڵاتی دوور، وه‌ک شانۆ به‌گشتی، دوو سه‌رچاوه‌ی هه‌یه‌، یه‌کێک ئاسمانی، یه‌کێکیش زه‌مینی. ئاسمانی سه‌رچاوه‌که‌ی له‌ ئایینه‌کانه‌وه‌یه‌، له‌ په‌رستگاکاندا په‌یڕه‌و کراوه‌، ئێستاش شێوه‌گه‌لێکی شانۆ هه‌یه‌ له‌ هیندستان و بالی، وه‌ک که‌شی ئایینی په‌یڕه‌و ده‌کرێت و ته‌ماشاچیش وه‌ک ئه‌رکی به‌جێهێنانی نه‌ریته‌ ئایینیه‌کان ئه‌چێت بۆ ته‌ماشای. ئه‌کته‌ری ئه‌م شانۆیانه‌ش ناوێکی وه‌ک ده‌روێش یان پیاوی ئایینی هه‌یه‌و پێی ناڵێن ئه‌کته‌ر، بگره‌ ئه‌وه‌ ڕۆژئاواییه‌کانن به‌م چالاکیه‌ ئایینیانه‌ ده‌ڵێن شانۆ، ئه‌وان خۆیان ناوێکی گشتیان نیه‌ بۆی. ئه‌م شانۆیه‌ که‌ له‌ په‌رستگاکان هاته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ کۆشکی پاشاکاندا خۆی گرته‌وه‌، بوه‌ سه‌رچاوه‌ی شێوه‌شانۆکانی کابوکی و (نو)ی کۆنی ژاپۆنی، کاتاکالی هیندی، له‌ ڕۆژئاواش بوه‌ بنه‌مای شێوه‌شانۆی تراژیدیا.

ئه‌و شانۆیانه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی زه‌مینیان هه‌یه‌، دوو جۆرن، یه‌کێک کۆمێدی، که‌ زۆرتر بۆ خه‌ڵکی گشتی پێشکه‌ش ده‌کرێت و ئامانجی سوککردنی باری سه‌ختی ژیانی خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوته‌. نمونه‌ی ئه‌م جۆره‌ شانۆیه‌ (کیۆگێن)ی ژاپۆنیه‌. دووه‌میان سۆزئامێزه‌، وه‌ک سه‌مای (باهاراتا ناتیام)ی هیندی که‌ له‌لایه‌ن سۆزانیه‌کانه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌کرا، نه‌ ته‌نها بۆ بینه‌ری پیاو بگره‌ بینه‌ری ئافره‌تیش. نمونه‌یه‌کی تر، هونه‌ری گه‌یشاکان(جۆرێک له‌ سۆزانی)ی ژاپۆن، ئه‌م جۆره‌ له‌ سه‌رده‌می سۆمه‌ریه‌کانیشدا له‌ مێزۆپۆتامیادا هه‌بووه‌. به‌ ڵام شێوه‌ شانۆ گرنگه‌کان له‌ تێکه‌ڵبونی ئه‌م دوو جۆره‌ شانۆیانه‌دا دروستبون، وه‌ک شانۆی (نۆو کیۆگێن)ی ژاپۆنی، شانۆی (کاتاکالی)ی هیندی، له‌ ڕۆژئاواشدا، شانۆی ئیسپانی و ئیتالی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست که‌ بونه‌ سه‌رچاوه بۆ (شانۆی زمانی باڵا)ی فه‌ڕه‌نسی.

ئه‌کته‌ر له‌م شانۆیانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا نزیکه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئاینیه‌وه‌، ڕاهێنانه‌کانیشی په‌یڕه‌وی ئامانجه‌ باڵاکانی فه‌لسه‌فه‌که‌ی ده‌که‌ن، بنه‌ماکانی بیری فه‌لسه‌فی بونه‌ته‌ بنه‌ما بۆ جیهانبینی و کارکردنی. له‌و شانۆیانه‌دا ئه‌کته‌ر له‌خۆی ناپرسێت بۆ شانۆ ده‌کا، ئامانجی چیه‌. فه‌لسه‌فه‌ی قوڵ و فراوانی ڕۆژهه‌ڵات چه‌نده‌ها سه‌ده‌ پێش ئه‌و ئه‌م پرسیارانه‌ی کردوه‌و وه‌ڵامیشی داونه‌ته‌وه‌. ئه‌و پرسیاره‌ی (من بۆ شانۆ ده‌که‌م) وه‌ک پرسیاری (من بۆ ده‌ژیم) وایه‌ بۆ هه‌ر مرۆڤێک ئه‌کته‌ر نیه‌.

چونکه‌ له‌وێ، وه‌ک بۆ هه‌موو پیشه‌کانی تر، شانۆ بۆماوه‌یه‌ له‌ باوکه‌وه‌ بۆ مناڵه‌کانی. که‌ پیشه‌ی خێزانێک شانۆبو هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و خێزانه‌ بێ ویستی خۆیان و هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ ده‌بنه‌ ئه‌کته‌ر. ئێستا که‌ له‌ هه‌موو جیهاندا دابونوریتی میلله‌تان له‌ گۆڕاندایه‌، خێزانه‌ شانۆکاره‌کانیش له‌ زۆر شوێن که‌م بونه‌ته‌وه‌، هه‌ر خێزانێک پیشه‌ی شانۆ نه‌بێت و بیه‌وێت مناڵه‌که‌ی بنێرێت ببێت به‌ ئه‌کته‌ر بۆی هه‌یه‌، ئه‌و شته‌ تا سه‌ده‌یه‌کیش له‌مه‌و پێش نه‌ده‌کرا. ته‌نانه‌ت له‌ ژاپۆن شه‌ش سه‌د ساڵه‌ تا ئێستاش شانۆی (نو) پیشه‌ی ته‌نها پێنج خێزانه‌‌و هه‌موو که‌س بۆی نیه‌ به‌ ئاره‌زوی خۆی ببێته‌ ئه‌کته‌ری (نو).

به‌و پێیه‌ ئه‌کته‌ری باش یان گه‌وره‌ له‌ شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتدا ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ نیه‌ گۆڕان له‌ هه‌موو ڕاهێنان و یاساکانی شانۆکه‌دا ده‌کا، به‌ڵکو ئه‌و ئه‌کته‌ره‌یه‌ زۆرترین شاره‌زایی هه‌یه‌ له‌ دابونه‌ریتی شانۆکه‌یدا، وه‌ نزیکترینه‌ له‌ کۆنترین شێوه‌ کارکردنی بابوباپیرانی. بۆیه‌ کرداری دوباره‌کردنه‌وه‌ و لاسایی کردنه‌وه‌، مێتۆدی ئه‌م شانۆیانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته‌. کارکردنیان له‌ کارکردنی مۆزیککاره‌کانی خۆمانه‌وه‌ نزیکه‌، قوتابی به‌ دوباره‌کردنه‌وه‌و لاسایی کردنه‌وه‌ی ئوستاده‌که‌ی ده‌گاته‌ پله‌ی سه‌ربه‌خۆیی هونه‌ری، واته‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو وانه‌کانی ته‌واو هه‌رسکرد،‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی نه‌هاوه‌ند جیاکاته‌وه‌ له‌ عه‌جه‌م و به‌یاتی و حیجازو کوردی و نه‌واو ڕاست و سه‌باو سێگا، که‌ زانی هه‌ر یه‌ک له‌م ده‌زگاو مه‌قامانه‌ لقوپۆپی هه‌یه‌و هه‌ندێکیان بونه‌ته‌ مه‌قامی سه‌ربه‌خۆو ناکرێ تێکه‌ڵکرێن، ئه‌گه‌ر بشکرێن ته‌نها ئوستادێک ئه‌توانێ ئه‌م کاره‌ بکات. ئه‌کته‌ری شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتیش چه‌نده‌ها کۆدو یاسا به‌ ڕاهێنانێکی سه‌خت و درێژخایه‌ن له‌به‌رئه‌کا ئینجا ده‌بێته‌ ئه‌کته‌ر.

کانزێ مۆتۆکیۆ زیئامی

 

کتێبی (کتێبی نهێنی نۆ)ی کانزێ مۆتۆکیۆ زێئامی، سه‌ده‌ی 14 له‌ ژاپۆن نوسراوه‌و یه‌که‌م کتێبه‌ باس له‌ بنه‌ماو یاساکانی پیشه‌ی ئه‌کته‌ر بکات. ئه‌م کتێبه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش سه‌د ساڵ ته‌نها گه‌وره‌ی خێزانه‌کانی شانۆکاری (نو) بۆیان هه‌بوو هه‌یانبێت، ته‌نانه‌ت ئه‌کته‌ره‌ گه‌نجه‌کانیش بۆیان نه‌بو ڕاسته‌وخۆ بیخوێننه‌وه‌. له‌ ساڵانی سی سه‌ده‌ی ڕابردو، له‌ ژاپۆن کۆمه‌ڵێک هه‌ڵبژارده‌ی ده‌قه‌کانی ئه‌م کتێبه‌ بڵاوکرانه‌وه‌، له‌ ساڵانی حه‌فتاکانیشدا له‌ فه‌ڕه‌نسا به‌شێکی وه‌رگێڕدرایه‌ سه‌ر فه‌ڕه‌نسی، ئێستا ئه‌م کتێبه‌ بۆ زۆر له‌ زمانه‌کان وه‌رگێڕدراوه‌و به‌ نهێنی نه‌ماوه‌ته‌وه‌.

له‌م کتێبه‌دا، به‌ پێی زێئامی ئه‌کته‌ر له‌ دوای 15 ساڵ فێربون ئینجا بۆی هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م بینه‌ردا نواندن بکات. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌کته‌ره‌کانی نو، وه‌ک ئه‌کته‌ره‌کانی تری شانۆ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان، له‌ مناڵیه‌وه‌ ده‌ست به‌ فێربون ده‌که‌ن. هه‌ر به‌پێی زێئامی، ئاماده‌بون یان ئه‌فسونی ئه‌کته‌ر، که‌ ئه‌و پێی ده‌ڵێت (گوڵی ناسکی ئه‌کته‌ر) له‌ڕێی کۆمه‌ڵێک ڕاهێنانی درێژخایه‌نه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت. کاری سه‌خت به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و گوڵه‌ نیه‌ به‌ته‌نها، به‌ڵکو سه‌ختتر له‌وه‌ پاراستنی ئه‌و گوڵه‌یه‌. بۆیه‌ زوربه‌ی ئه‌کته‌ره‌کان له‌ هه‌ڕه‌تی لاویدا جۆره‌ جوانیه‌کیان هه‌یه‌ زۆر له‌م گوڵه‌ ده‌چێت، به‌ڵام چاوێکی شاره‌زا ده‌توانێت ببینێت ئایا ئه‌مه‌ گوڵه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌یه‌ یان نا. گوڵی ڕاسته‌قینه‌ (ئه‌فسونی ڕاسته‌قینه‌) وشک نابێت و تا ته‌مه‌نی 80 ساڵیش ئه‌توانێت هه‌ر سه‌وز بێت، به‌ڵکو له‌ پیریدا زۆرتر سه‌رنجی بینه‌ر ڕاده‌کێشێت، چونکه‌ وه‌ک گوڵێکی نایاب وایه‌ به‌سه‌ر دارێکی پیره‌وه‌، ئه‌م داره‌ له‌هه‌ر باخێکدابێت، خه‌ڵک به‌سه‌ر هه‌موو گوڵه‌کانی تردا ده‌ڕۆن بیبینن. بۆیه‌ لای زێئامی بۆ پاراستنی ئه‌م گوڵه‌ یان ئه‌فسونه‌ هه‌ر ته‌مه‌نه‌و ڕاهێنانی خۆی هه‌یه‌.

ئامانجی ئه‌کته‌ر له‌ شانۆی ڕۆژهه‌ڵاتیدا وه‌ک له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی (بودایی، هیندۆیی، تاویزم..هتد) به‌ یه‌ک گه‌یشتنی جه‌سته‌و ئه‌ندێشه‌یه‌، واته‌ بون به‌ یه‌کی ئه‌م دوانه‌، له‌ ڕۆژئاوادا به‌مه‌ ده‌وترێت (ئۆرگانیه‌ت، ئۆرگانیبون). لای ئه‌کته‌رێکی ئۆرگانیک، کاتێک خه‌ریکی نواندنه‌، هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی له‌شی به‌شدارن، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی نواندنی (ژیرانه‌)یه‌، ئه‌و نواندنه‌ی پشت به‌ بیرکردنه‌وه‌و عه‌قڵ ده‌به‌ستێ. بۆیه‌ ستانیسلاڤسکی ده‌ڵێت (له‌سه‌ر شانۆ ئه‌کته‌ر بیرناکاته‌وه‌).

بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر

ئه‌کته‌ر که‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆیه‌، ئه‌بێ هه‌میشه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی نه‌پچڕاودابێ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو له‌ هه‌مان کاتا له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا. هێڵێک له‌ شێوه‌ی په‌تێکی راکێشراو سه‌رێکی به‌سترابێته‌وه‌ به‌ دوورترین شوێنی گه‌ردونه‌وه‌و سه‌ره‌که‌ی تریش به‌ قوڵترین شوێن له‌ ناخیدا. ئه‌م هێڵه‌ش به‌ بینه‌ر و دیکۆرو ئه‌کته‌ره‌کانی ترو تێکست و..هتد، تێده‌په‌ڕێت، وه‌ له‌هه‌ر شوێنێکدا بپچڕێ کوتوپڕئه‌فسونی شانۆ نامێنێ. بیرکردنه‌وه‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌ بۆسه‌ر ئه‌م هێڵه‌، وه‌ک مه‌قه‌ستێک وایه‌ له‌ چرکه‌ ساتێکدا ده‌توانێ بیقرتێنێ، ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر بیر له‌ خۆی بکاته‌وه‌ یان بیر له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی بکاته‌وه‌.

بیرکردنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی و په‌یوه‌ندیکردن نیه‌ نه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌ به‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر، بیرکردنه‌وه‌ وه‌ستانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ شته‌کان و هه‌وڵدانی شیکردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنیانه‌. بۆیه‌، که‌ ئه‌کته‌ر بیر ده‌کاته‌وه‌ ده‌بێت له‌شی ببه‌ستێته‌وه‌و ته‌نها سه‌ری کاربکا، ته‌نها ته‌ماشاکه‌ری ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی. له‌سه‌ر شانۆ، بیرکردنه‌وه‌ ناتوانێت خۆی بیربکاته‌وه‌، که‌واته‌ ئه‌کته‌ر له‌ خۆشی داده‌بڕێ. به‌م پێیه‌ نه‌ له‌ خۆیدایه‌و نه‌ په‌یوه‌ندیشی به‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌یه‌.

ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بیرده‌کاته‌وه‌ لێره‌ نیه‌، له‌ ئێستادا نیه‌، ئه‌و ته‌نها نیه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئاماده‌بونه‌. بیرکردنه‌وه‌ واته‌ نه‌کردن، کاری ئه‌کته‌ریش درامایه‌، واته‌ ڕودان، ئه‌نجامدان، ژیان. بۆیه‌ ته‌نها به‌ ئۆرگانیبونی ئه‌کته‌ر ئاماده‌بون دێته‌ ئاراوه‌، ئه‌کته‌ری ئۆرگانیک له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌رده‌وامدایه‌، چ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ چ له‌گه‌ڵ ناوه‌وه‌ی خۆیدا. له‌ هونه‌ری (تایچی چوان)ی چینیدا به‌ له‌شێکی ئۆرگانیک ده‌ڵێن (له‌شێکی به‌خه‌به‌ر).

ئۆرگانیبونی ئه‌کته‌ر

وشه‌ی ئۆرگانیبون له‌ وشه‌ی ئۆرگانه‌وه‌ هاتوه‌،‌ ئه‌ویش له‌ وشه‌ی (ئۆرگانوس)ی لاتینیه‌وه‌ هاتوه‌، واته‌ ئه‌ندامه‌کانی له‌شی زینده‌وه‌ر یان گیاندار. دواتر ئه‌م وشه‌یه‌ چوه‌ ناو زۆر بواره‌وه‌، وشه‌ی ئۆرگانیسیزمی لێ دروستبو. له‌ بواری ته‌ندروستیدا ئۆرگانیسیزم به‌ ڕێبازێک ده‌وترا باوه‌ڕی وابو هه‌موو نه‌خۆشیه‌ک هۆکه‌ی کێشه‌یه‌کی ناوچه‌ییه‌، توشی ئه‌ندام (ئۆرگان)ێک هاتووه‌ له‌ ناو ئۆرگانیزم (ئه‌ندامه‌کان)ی ناوه‌کی له‌شدا. له‌ بواری فه‌لسه‌فه‌دا به‌و تیۆریه‌ ده‌وترا که‌ هه‌موو دامه‌زراوو ڕێکخراوێکی مه‌ده‌نی به‌ له‌شێکی زیندو به‌راورد ده‌کرد، بۆیه‌ له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ به‌دواوه‌ وشه‌یه‌ (ئۆرگانیزم) بۆ هه‌موو دامه‌زراوێکی ده‌وڵه‌تی و ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆو پارتێکی سیاسیش به‌کاردێ.

هه‌ر له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ هاته‌ ناو شانۆشه‌وه‌. له‌ شانۆدا بۆ ئه‌کته‌رێک به‌کار دێ له‌ کاتی نواندندا، هه‌موو هه‌سته‌کانی و ئه‌ندامه‌کانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی لاشی به‌ هه‌ماهه‌نگیه‌کی ته‌واو بکه‌ونه‌کار. کارو کاردانه‌وه‌کانی ڕاسته‌وخۆ به‌سترابنه‌وه‌ به‌ ڕژێمی هه‌ستیاری ده‌رونییه‌وه‌. ئه‌کته‌رێک عه‌قڵ و هۆش و بیرو جه‌سته‌و هه‌سته‌کانی ته‌واو به‌خه‌به‌ربن و هیچ ناکۆکیه‌کیان له‌نێواندا نه‌بێ له‌ کاتی نواندندا.

نوندنێکی ئاژه‌ڵیانه‌

ئه‌کته‌ری باش یان ئه‌کته‌ری گه‌وره‌ له‌ شانۆی ڕۆژئاوادا به‌ ئه‌کته‌رێک ده‌وترێت ته‌واو پێچوانه‌ی ئه‌کته‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کار ده‌کات بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌مان ئامانج که‌ ئۆرگانیبونه‌. ڕیگاکان جیاوازن به‌ڵام هه‌مویان ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ک شوێن. ئه‌مریکیه‌کان وشه‌یه‌کی تریان هێنایه‌ کایه‌وه‌ له‌ سه‌رده‌می (ئه‌کته‌ر ستۆدیۆ)دا، ئه‌ویش (ئه‌کته‌ری ئاژه‌ڵئاسا) ئه‌کته‌رێک کرداره‌کانی له‌کاتی نواندندا وه‌ک ئاژه‌ڵه‌کان ده‌رونین (ده‌رون نه‌ به‌ مانای ده‌رونناسی به‌ڵکو ده‌رونی دووری مرۆڤ، واته‌ ئه‌و شوێنه‌ی مرۆڤ ده‌گاته‌وه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌کی خۆی که‌ ئاژه‌ڵه‌). ئه‌مه‌ش هه‌مان سه‌رچاوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌که‌ی هه‌یه‌ له‌وه‌دا که‌ له‌ش و ناخ تێکه‌ڵی یه‌ک ده‌بن. ئاژه‌ڵه‌کان، که‌ ئه‌وان وه‌ک ئێمه‌ له‌ سروشت دوور نه‌که‌وتونه‌ته‌وه‌، له‌شیان ڕاسته‌وخۆ فه‌رمانه‌کانی خولیا ده‌رونیه‌کانیان جێبه‌جێ ده‌کات. ئه‌م وشه‌یه‌ش له‌ ده‌رهێنه‌رێکی سینه‌مای ئه‌مریکیه‌وه‌ هات بۆ ناو شانۆ، له‌ وه‌سفکردنی ئه‌کته‌ری گه‌وره‌ی هۆڵیوود (مارلۆن براندۆ)دا وشه‌ی نواندنی ئاژه‌ڵانه‌ی به‌کار هێنا.

ئه‌کته‌ر لای ئاریان منوشکین

ئاریان منوشکین دژی ئه‌م وشانه‌یه‌، ئه‌فسون یان ئاماده‌بون، چونکه‌ وشه‌کان هه‌میشه‌ ئاراسته‌یه‌ک پیشان ده‌ده‌ن زۆرتر به‌رهه‌می شانۆکاران خۆیان نیه‌، به‌ڵکو به‌رهه‌می ڕه‌خنه‌گرانه‌ یاخود به‌رهه‌می بینه‌رانه‌. له‌وه‌وه‌ دێت ئه‌وان له‌ده‌ره‌وه‌ی شانۆوه‌ ناوی شتێک ده‌نێن، زۆرتر ناوی وێنه‌ی شتێکه‌ نه‌ک بونی شتێک وه‌ک ته‌نێکی هه‌ستپێکراو. به‌ تایبه‌ت که‌ بینه‌رو ڕه‌خنه‌گران ئه‌فسونی ئه‌کته‌ر به‌ شتێک ده‌بینن هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ کارکردنه‌وه‌ نیه‌و گفتێکی ئاسمانیه‌و هیچی تر.

قوتابی ئه‌کته‌ریش کاری به‌و ناوانه‌ نیه‌ له‌ ده‌ره‌وی کارکردنی خۆیه‌وه‌ دروست ده‌کرێن، وه‌ک چۆن نازناوێک یان ناووناتۆره‌یه‌ک پێناسه‌ نیه‌ بۆ که‌سێک. وه‌ قوتابی ئه‌کته‌ر کاری ڕه‌خنه‌و فه‌لسه‌فه‌ نیه‌ کاتێک له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆیه‌. بێگومان ئه‌کته‌ر ئه‌بێت ڕۆشنبیربێ، به‌ڵام ئایا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌کته‌ر هه‌موو شتێک له‌باره‌ی خۆشه‌ویستیه‌وه‌ بزانێت، یان هه‌ست به‌ خۆشه‌ویستی بکات؟ ئه‌گه‌ر هه‌موو کتێبه‌کان له‌سه‌ر شکسپیرو هاملێت بخوێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر باوک مردن، دوودڵی، ڕاڕایی، گومان، په‌یوه‌ندی کوڕودایک...هتد هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌و ڕه‌وانناسی و کۆمه‌ڵناسی و هه‌موو زانسته‌ مرۆییه‌کانه‌وه‌ تاوتوێکا، له‌سه‌ر شانۆ هه‌ستی به‌ هیچ نه‌کرد بێسووده‌. ئه‌کته‌ر کتێبخانه‌ نیه‌، ئه‌کته‌ر بونه‌وه‌رێکی زیندوه‌، وه‌ک بینه‌ره‌که‌ی له‌ گۆشتوئێسقان پێکهاتوه‌.

ئاریان منوشکین زۆرتر وشه‌ی ژیان به‌کار ده‌هێنێت بۆ کاری ئه‌کته‌ر له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، واته‌ تۆ نانوێنی، پیشان ناده‌ی، تۆ ده‌ژی که‌ له‌سه‌ر شانۆی. ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی خۆڕسک ئه‌م ئه‌فسون یان ئاماده‌بونه‌ی هه‌بێ، ئه‌وا ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌کی کورتی ژیانی ئه‌کته‌ری ده‌کرێ میوانی بێ، بۆیه‌ بۆ پاراستنی، که‌ له‌ بونی گرنگتره‌، پێویستی به‌ پێشکه‌وتنی به‌رده‌وامه‌،‌ ته‌نهاش به‌ کارکردنی درێژخایه‌ن و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بینه‌ردا پێشده‌که‌وێت.

ناوه‌ جیاکانی ئه‌کته‌ر

ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا، مۆرکی بنچینه‌یی شانۆ شوێنپێ هه‌ڵگرتنه‌وه‌و درێژه‌پێدانی کاری باوباپیران بێت، له‌ شانۆی ڕۆژئاوادا، هه‌ر ده‌ر‌هێنه‌رێک هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی شێوه‌یه‌ک له‌ کارکردن ده‌دات ده‌ربڕینی جیهانبینی خۆی و بینینی تایبه‌تی خۆی بێ بۆ شانۆ. بۆیه‌ به‌پیی ڕێبازو شێوه‌کارکردنه‌کان، ده‌رهێنه‌ره‌کان ناو له‌ پێکهێنه‌ره‌کانی شانۆکانیان ده‌نێن. لای هه‌ندێک کاری ئه‌کته‌ر نواندن و پیشاندانه‌، لای هه‌ندێکی تر به‌رجه‌سته‌کردنه‌، لای هه‌ندێکی تر ژیانکردنه‌، لای هه‌ندێکیتر په‌یوه‌ندی دروستکرنه‌ بۆ گه‌یاندنی وشه‌کانی نوسه‌ر. ناوی کاره‌کته‌ریش لای هه‌ندێ که‌سایه‌تییه‌، لای هه‌ندێکی تر که‌سه‌، له‌ی هه‌ندێکی تر فیگه‌ره‌، لای هه‌ندێکی تر ته‌نێکی بارگاویه‌ به‌ ئاماژه‌کان..هتد به‌ڵام شانۆکاران بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌ک تێبگه‌ن ناوێکی گشتی هه‌ڵده‌بژێرن، یاخود خۆی خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر ناوه‌کانی تردا له‌ هه‌ر زمانێکدا. ئه‌وه‌ی نواندن ده‌کات پێی ده‌وترێ ئه‌کته‌ر، ئه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر پێی هه‌ڵده‌ستێ پێی ده‌وترێ نواندن، ئه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر به‌رجه‌سته‌ی ده‌کا له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ پیی ده‌وتری که‌سایه‌تی(کاراکته‌ر).

له‌ مێژووی شانۆدا ناو زۆره‌ ده‌یه‌وێ بڵێ ئه‌کته‌ر ئه‌بێ وابێ، تا پێی بڵێن ئاماده‌، ئه‌فسوندار. ناوه‌که‌ خۆی له‌خۆیدا چۆنیه‌تی و سیفه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌سنیشان ده‌کات لای شانۆکاره‌کان. هه‌ندێک نمونه‌ی ئه‌م ناوانه‌: ئه‌کته‌ری ماریۆنێت لای گۆردۆن کرێگ، ئه‌و ئه‌کته‌ری باش ده‌شونهێنێ به‌ ماریۆنێت. ئه‌کته‌ری سه‌رئاوکه‌وتو لای یۆشی ئۆیدا، ئه‌کته‌ر ده‌شوبهێنێ به‌ له‌شێکی سه‌رئاوکه‌وتو‌ خۆی داوه‌ته‌ ده‌ست شه‌پۆله‌کان. ئه‌کته‌ری توندوتیژو گه‌یه‌نه‌ری ئافه‌ت لای ئه‌نتۆنان ئارتۆ، ئه‌کته‌ری ڕوناک، ئه‌کته‌ری نه‌بینراو..هتد. ئه‌مانه‌ هه‌ریه‌ک بینینێکی جیاوازیان هه‌بوه‌ بۆ چۆنیه‌تی بونی ئه‌کته‌ر، وه‌ به‌پێی ئه‌و وێنه‌یه‌ی هه‌یان بوه‌ بۆی ناویان ناوه‌، ئه‌و ناوانه‌ش که‌ هه‌ریه‌ک ئه‌کته‌ر له‌ شێوه‌یه‌کدا وێنا ده‌کات، وێنه‌کانیش دروسبوی ساڵانێکی گه‌ڕان و کارکردنن بۆ گه‌یشتن به‌ ئاماده‌بون و ئه‌فسونی ئه‌کته‌ر. به‌شی یه‌که‌م ته‌واو.

 
رۆشنگەری
سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كان

-

وڕێنەی نەدیایەم باوکت، ئەمردم وە حەسرەت دایکت...سەعید کاکەیی

-

كۆمەڵگای داخراو، كاوە گەرمیانی وەك دەرفەتێك بۆ روانین...مەریوان عەلی

-

سەرۆك نەخۆشە! بەڵام رەخنەكان وەك خۆیان ماون...هەردی عەلی

-

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان؛ له‌نێوان یۆتۆپیاو ئایدۆلۆجیادا......ئاسۆ ئه‌مین

-

سێ شت به‌ پێوه‌رێكی دی.. رۆڵی پارتی...سه‌وسه‌ن هیرانی

-

ڕەشنووسی دەستوور و دانوستاندنی هەمەلایەنی ڕیزبەندانە...سەعید کاکەیی

-

له‌ په‌راوێزی كاندیدكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك، رایه‌كی جیاواز...مه‌ریوان عه‌لی

-

ئیسلامیزه‌كردن، فۆبیا‌و كاردانه‌وه‌...سه‌لام مارف

-

شۆڕشی داهاتوو، شۆڕشی دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامان ده‌بێت...سه‌لام مارف

-

بودجه‌ له‌نێوان ژیانێكی دادپه‌روه‌رانه‌و ناوێكی خوازراو بۆ به‌ سستماتیكه‌كردنی نادادپه‌روه‌ری...بێستون محمو‌د

-

حه‌ڤده‌ی شوبات وه‌ك چه‌ركه‌ساتێكی به‌رده‌وام...بێستون محمود

-

ئایا (داوود پێغه‌مبه‌ر) مرۆڤێكی دادپه‌روه‌ر بووه‌؟...شازین هێرش

-

ئیسرائیلیات له‌ سیره‌ی موحه‌مه‌ددا...شازین هێرش

-

هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌غدا جدین؟...مه‌ریوان عه‌لی

-

ئیخوان وەك بەڵتەجە...سەلام مارف

-

مرۆڤ, كائینه‌ به‌نرخه‌كه‌ی سه‌رزه‌مین...سه‌وسه‌ن هیرانی

-

كاتژمێر: چاره‌ك بۆ سفر...یاسین ره‌فیق

-

ئێمه‌ چ جۆره‌ مرۆڤێكین؟...مه‌ریوان عه‌لی

-

كام ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم؟...سه‌وسه‌ن هیرانی

-

دژه‌ دیموكراسی، شه‌رێكی به‌رپاكراو، له‌گه‌ڵ هه‌مووان...هه‌ردی عه‌لی

-

ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌ی بێ ده‌سه‌ڵاتن...مه‌ریوان عه‌لی

-

داگیركردنی كۆمه‌ڵگا، له‌شه‌ری ناوخۆوه‌ بۆ ستراتیژی سیاسی...راسان

-

یەك رۆژی ماوە بۆ 31 ئاب...سەردەشت زانكۆ

-

فه‌رشه‌كه‌ی دیرك و نه‌وته‌كه‌ی هه‌رێم...هه‌ردی عه‌لی

-

پێگەی كارو پێوانە جێندەرییەكان...سەلام مارف

-

مام جه‌لال، ئه‌و مه‌رگه‌ی زۆرترین لێكدانه‌وه‌ و گۆڕان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت...ساسان كریم

-

ته‌مه‌نی دیكتاتۆرێك...مه‌ریوان عه‌لی

-

حزب و ئینتمای نیشتمانی...روشیدی سه‌یدا

-

سەرنجێك دەربارەی ئازادی مرۆڤ...بەیان حامید

-

یەكەمین خۆپیشاندان لەسەر بودجە...هەردی عەلی

-

دادوەری كۆمەڵایەتی و بودجە...راسان

-

خۆپیشاندان و مەلاكان.. رایەكی جیاواز...مەریوان عەلی

-

جەهەنەم دەرگاكانی كراوەتەوە.. هاوارێكی نەبیستراو..!...هەردی عەلی

-

ئەنفال لە بیرەوەری ئێمەدا...بەیان حامید

-

راپەرین و فاشیزم... دەرفەتێکی زێرین بەڵام...مەریوان عەلی

-

دەسەڵات و سیاسەت...محەمەد حەکیمی

-

تفەنگەكان لابەرن نۆبەی قەڵەمەكانە...بەیان حامید

-

جیهانی گۆڕاو و دنیای نەگۆڕی ئێمە...هەردی عەلی

-

ھەرگیز ناژین !؟... ئومێد حمە عەلی

-

سەرەتایەک دەربارەی ناتوندوتیژی...مەریوان عەلی

-

به‌یادی حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌: دێویش بن ده‌كه‌ون...راسان

-

فەلسەفە و ئومێد...ریبوار سیوەلی

-

ڕوداوەکانی بادینان، گۆشەیەک لە ململانێیەکی کۆنەپەرستانە...عەبدوڵا مەحمود

-

له‌په‌راوێزی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبیكی كیمیاویی دا چیم دی...سه‌ڵاح جه‌میل

-

بێدەنگی و سزا...مەریوان عەلی

-

هێڵە سورەكان چۆن كۆتایی پێدەهێندرێت؟...مەریوان عەلی

-

پڕۆژەو پاکیجەکانی چاکسازی، ... عەبدوڵا مەحمود

-

لە كوردستان چی روویدا؟...مەریوان عەلی

-

داهات و بودجە بەدەست میلیشیاوە... عەبدوڵا مەحمود

-

قوتابخانەی فرانكفۆرت، لە رەخنەی فكرەوە بۆ رەخنەی كۆمەڵگا...ئیبراهیم ئەلحەیدەری

-

میدیاکان و ده‌سه‌ڵات...د.فه‌ره‌یدوون وه‌ردی نژاد

-

ڕاگه‌یاندن، سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌جیهاندا... ئا: محه‌مه‌د حه‌کیمی

-

دیموكراسیەت، ناتوندوتیژی و بەربەرەكانی...مەریوان عەلی

-

یورگن هابرماس و پرسی دموکراسی...ئا: محه‌ممه‌د حه‌کیمی

-

شۆڕشه‌کان...سه‌رکاو هادی گۆرانی

-

ئەخلاقی بەپرسیارێتی...مەریوان عەلی

-

نەوەیەكی تورە، لە شەرعیەتی شۆرشگێری...مەریوان عەلی

-

بۆچی حكومەت هەڵوەشێتەوە؟...هەردی عەلی

-

با بەس بێ کورد کوژی‌...دەستەیەك لە نووسەرو ڕۆشنبیرو هونەرمەندانی کورد لە کەنەدا

-

سیاسەتی واقعی و هەڵوێستی سیاسی...هەردی عەلی

-

گۆران لە نەگۆردا، هەنگاوێك بۆ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات...راسان عەلی

-

لە یاداشتەوە بۆ گۆران...مەریوان عەلی

-

دیموكراسی لە ڕەهەندێكی ترەوە ????????...مەریوان عەلی

-

سەرنجێك لەسەر شكاندنی بێدەنگی...راسان

-

سیاسەتی دیموكراسیانە لە هەرێمەكەی ئێمەدا...مەریوان عەلی

-

سەردەمی هەڕەشەی مەستەشارەكان...سەلام مارف

-

شانازی ئازادی رادەربرین لەبەردەم پرسیاردا...هەردی عەلی

-

پرسیار لە ئازادی...مەریوان عەلی

-

بڵانسی هێزەكان و ناكۆكیە سیاسیەكان...راسان عەلی

-

تابلۆ شێواوەكەی هەولێر...سەلام مارف

-

پشتگیری بۆ كەمپەینی كۆمپانیای ووشە...گۆڤاری رۆشنگەری

-

ئه‌فسونی ئه‌کته‌ر: ئه‌کته‌ر کێیه‌و کێ ئه‌کته‌ره‌؟...سه‌رکاو هادی گۆرانی

-

ئه‌فسونی ئه‌کته‌ر: ئه‌فسون و ئاماده‌بونی ئه‌کته‌ر...سه‌رکاو هادی گۆرانی

-

ڕۆشنبیر و خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات ...سه‌رکاو هادی گۆرانی

-

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١ دا و داهاتوویەکی نەدیار...سەعید کاکەیی

-

ئەی دز لەكوێـی، خاوەنماڵ هەموو شتەكانی برد...سەلام مارف

-

لـیبرالیزم و پێداویسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردستانی ...سه‌عید كاكه‌یی

-

ئۆتۆمبیـــل و تۆپبــاران ...هەردی عەلی

-

رۆژێك بەرلە پشووی پەرلەمان...راسان عەلی

-

بەرگرتن لە هێرشەكان.. لە پەراوێزی مافەكانی مرۆڤدا... ئومێد ئەمین

-

دیموكراسی و هەڕەشە...مەریوان عەلی

-

لە نێوان ئەخلاق‌و سیاسەتدا .. هەڵوەستەیەك...زوبێر رەسوڵ

-

مقدەس چۆن بە لەناوبردن دەپارێزرێت؟...مەریوان عەلی

-

كوشتن وەك تۆڵەسەندنەوە لە قەڵەم...هەردی عەلی

-

بەیاننامەی ناڕەزایەتی...گۆڤاری رۆشنگەری

-

بۆچی نێوەندێك بۆ رۆشنگەری؟...مەریوان عەلی

 

 

رۆشنگەری
وتار‌و بۆچوون

وڕێنەی نەدیایەم باوکت، ئەمردم وە حەسرەت دایکت

سەعید کاکەیی

كۆمەڵگای داخراو، كاوە گەرمیانی وەك دەرفەتێك بۆ روانین

مەریوان عەلی

سەرۆك نەخۆشە! بەڵام رەخنەكان وەك خۆیان ماون

هەردی عەلی

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان؛ له‌نێوان یۆتۆپیاو ئایدۆلۆجیادا...

ئاسۆ ئه‌مین

سێ شت به‌ پێوه‌رێكی دی.. رۆڵی پارتی

سه‌وسه‌ن هیرانی

ڕەشنووسی دەستوور و دانوستاندنی هەمەلایەنی ڕیزبەندانە

سەعید کاکەیی

له‌ په‌راوێزی كاندیدكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك، رایه‌كی جیاواز

مه‌ریوان عه‌لی

ئیسلامیزه‌كردن، فۆبیا‌و كاردانه‌وه‌

سه‌لام مارف

شۆڕشی داهاتوو، شۆڕشی دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامان ده‌بێت

سه‌لام مارف

بودجه‌ له‌نێوان ژیانێكی دادپه‌روه‌رانه‌و ناوێكی خوازراو بۆ به‌ سستماتیكه‌كردنی نادادپه‌روه‌ری

بێستون محمو‌د

رؤشنطةرى

C 2010 All right reserved, roshngari.com