بەیاننامەی ناڕەزایەتی دەربرینی گۆڤاری رۆشنگەری سەبارەت بە تیرۆركردنی رۆزنامەنوس شەهید سەردەشت عوسمان
بۆ بەرێزان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
وەزیری ناوخۆ
رۆشنبیران وئازادی خوازان و خەم خۆرانی مافەكانی مرۆڤ
بەرێزان
لە كاتێكدا پاش كەم بوونەوەی پلانە دەرەكیەكان لەم هەرێمەدا. بەپێجەوانەوە بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان، هێواش هێواش زیاد دەبێت، هەرجارەی بەبیانوویەك سنوورەكانی ئازادی بەرتەسك ئەكرێتەوە بەجۆرێك بۆتەجێگای مەترسی بۆسەر خودی پرۆسەی ئازادی رادەربرین و ئازادیەتاكەكەسی وگروپینی مەدەنی و ئەو رۆشنبرەجدی و رۆزنامەوانەجالاك و غەم خۆرانی ئازادی ودیموكراسی ئەم كۆمەمەڵگایە هەرلەم تێروانینەودەركەوتنی دەرئەنجامە برمەترسی دارەوە
ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستیە دەكەین كەتیایدا رۆژنامەنوس كاكە سەردەشت عوسمان شەهیدكرا، رفاندنی ناوبراو لەبەردەم دامەزراوەیەكی ئەكادیمی وەك زانكۆی سەڵاحەدین و دۆزینەوەی تەرمەكەی لە شاری موسڵا، بێ سێودوو دەزگاكانی ئاسایشی پایتەختی هەرێم دەخاتە بەردەم پرسیار و لێپرسینەوە.
ئێمە بەرپرسانی ئەم هەرێمە لەوە ئاگاداردەكەینەوە كە:
1. چیتر خاكی هەرێم چەتری ئازادی رۆژنامەنوسی نییە، بەڵكو شوێنی شەهیدكردن و سەركوتكردنی ئەو رۆژنامەنوسە ئازادانەیە كە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی پشت و پەنایان نییە.
2. سەرۆكی هەرێم، بەپرسیارە لە رووی سیاسی و ئەخلاقیەوە لە رووداوێكی ئاوا دڵتەزێندا و پێویستە هەرچی هێز و توانای بەردەستیەتی بەكاری بهێنێت بۆ دۆزینەوە و ریسواكردنی بكوژانی رۆژنامەنوسانی ئازاد.
3. سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەپرسیارە لە رووی ئیداری و یاساییەوە بۆ بەدواداچونی ئەم رووداوە گەورەیە، پێویستە روونكردنەوەی پێویست لەسەر هۆكارو ئەنجامی ئەم كردەوە تیرۆریستیە بۆ رای گشتی رابگەیەنێت، هەموو هەوڵەكان بخاتەگەر بۆ كۆتاییهێنان بە بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكانی رۆژنامەنوسان.
4. وەزیری ناوخۆ كەلە ژێر سایە و چەتری وەزارەتەكەیدا و لە ناوجەرگەی پایتەختی هەرێم و بە رۆژی رووناك خوێندكارێكی زانكۆ دەرفێندرێت و دواترتەرمەكەی لە شارێكی تر دەدۆزرێتەوە، پێویستە بە وردی لەم زوڵمە گەورە بكۆڵێتەوە و هەنگاو بە هەنگاو چۆن شەهید سەردەشت گەیشتە شاری موسڵا و گیانی سپارد، ئاوا هەموو ئەو بازگە و شوێنانە كێوماڵا بكرێن كە بەرۆژی رووناك سەردەشت عوسان پێدا تێپەریوە، گەر جەنابی وەزیر هیچ بەڵگە و ساخكردنەوەیەكی دەستنەكەوت، پێویستە وەك ئەركێكی كارگێری و ئەخلاقی دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە.
هاورێیانی شەهید سەردەشت..
ئێمە لە قوڵایی دڵمانەوە هەست بەو ئازارە زۆرە دەكەین كە رۆحی شەهید سەردەشتی گەیاندە شوێنگەی نەمریی، بەڵام پێویستە هەموومان بەردەوام بین بۆ رووناككردنەوەی بەرپێی هاوڵاتیانی بێ پشت و پەنا، دەبێت هەموومان داكۆكیكارێكی سەرسەخت بین لە ئازادی و دیموكراسی و دەرخستنی راستیەكان، ئەركی سەرشانی هەموومانە ساردنەبینەوە لە كاری رۆژنامەنوسی، بەردەوام چاودێرێكی ئازا و بەتوانابین لە دژایەتیكردنی ئەو هێزوكەسانەی دژی رووناكی ئازادیەكانی مرۆڤن لەم ووڵاتەدا .
دەستەی نوسەرانی گۆفاری رۆشنگەری
6-5-2010
بەیاننامەی ناڕەزایەتی