لە دوای شەهیدكردنی سەردەشت عوسمانەوە دوو مەسەلە زۆرترین قسەوباسی لەسەر كرا، یەكەمان كرینی ئۆتومبێڵا بە نزیكەی چوار دەفتەر دۆلار بۆ هەر ئەندام پەرلەمانێك، ئەویتریان تۆپبارانی گوندەكانی بناری قەندیل و حاجی ئۆمەران و گوندەكانی تری سەرسنور لەلایەن ئێران و توركیاوە.
بۆیەكەمیان، چوار دەفتەرە دۆلارەكە لەلایەن پەرلەمانتارەكانی لیستی گۆرانەوە ڕەتكرایەوە، ئەم هەڵێوێستە ئەگەرچی هێجگار نامۆیە، بە وڵاتی ئێمە و هاوشێوەكانی وڵاتانی وەك ئێمە، چونكە تێگەیشتنێكی سەیروسەرمەریان هەیە دەربارەی بەرپرسیارێتی و دەسەڵات و پۆست، هەروەك برێكی زۆری سیایەتمەداران لەژێر سێبەری دەسەڵات و ئیمتیازاتە بێسنور و نەزاندراوەكانیاندا، توانای بەلێشاو خەرجكردنی پارەیشیان هەیە، بۆیە هەرزو وەك قارچك هەڵدەتۆقێن و پاش چەند ساڵێكی كەم لە مەسئول بوونیان دەبنەوە یەكێك لە سەرمایەدارەكانی ووڵات، یانی مەسئول بوون و كۆمپانیا و هەندێك كاری زیادەی شەخصی، دەبنەوە یەك بازنەی تەواوكاری یەكتر كە دەرئەنجامەكەی یەكسانە بە دەوڵەمەندبوونی ناشەرعی.
ڕەتكردنەوەی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن پەرلەمانتارانی لیستی گۆڕانەوە كاریگەریەكی هێجگار پۆزەتیفی هەیە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو پەیامەی كە بزوتنەوەكە هەڵگریەتی، ڕەنگە پێزانینی ئەو كاریگەریە بێت وا لە ئەندام پەرلەمانێكی پارتی بكات كەمێك دڵی بە حزبەكەی بسوتێ بڵێت منیش ئەو پارەیەم ناوێت، بێگومان دەبێت ئەوەش بزانین ئەو خاتوونە لە خولی پێشودا بڕە پارەكەی وەرگرتوە، هەروەك ئەم هەڵوێستەی فراكسیۆنی گۆڕان وا لە كۆمەڵی ئیسلامیش دەكات كە بەیانێك بڵاوبكاتەوە بڵێت ئێمە حەزدەكەین ئۆتومبێلمان بۆ بكڕن، بەڵام با بەناوی پەرلەمانەوە بێت و خۆمان بانزینی بۆ دەكرین. راستی چیرۆكی یەكەمیان ئەوەیە: ووڵات تا ئەندازەیەكی بێشومار خەرقی گەندەڵی و بێ دەزگایی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بۆتەوە، ئێمە لە دۆخێكی هێجگار بێوێنەدا دەژین، ئەگەر سەردەمی شەری ناوخۆ، سەردەمی شەركردنبووبێت لەسەر چۆنیەتی دەستبەسەراگرتنی سەچاوەكانی دارایی لەلایەن هەردوو حزبەوە، لەو پێناوەدا هەزاران كوری گەنجی ئەم ووڵاتە بە ناحەق بەكوشتدراون، سەدانی تریش بێسەروشوێنبوون وەك رۆژنامەی هاوڵاتی لانی كەم ناوی 56 كەسی بڵاوكردۆتەوە كە لە كاتی شەری ناوخۆدا بێسەروشوێنكراون، سەیر لەوەدایەدەرئەنجامی ئەم شەرەخوێناویە بە بەرێكەوتنی ستراتیژی كۆتایدێت، رێكەوتنێك تێدا ووڵات دەخنكێندرێت لە دابەشبوون و مۆنۆپولكردنی سەرچاوەكانی دارایی و سامانی سروشتی ووڵات، لەلایەكی ترەوە ئەم ستراتیژە بریتیە لە بەدامەزراوەیكردنی گەندەڵی ووڵات، یانی گەندەڵی دەبێتە سیستم و هەردوو حزبەكە چاوی لێدەنوقێنن، دروست هەرخۆیان بەرنامەرێژی ئەو گەندەڵیەن كە ووڵاتی توشی ئیفلیجی و بێئومێدی كردۆتەوە.
بەرپرسەكانمان سامانی گشتی ووڵات و سەرچاوەكانی داهات و چاڵە نەوتیەكانی كوردستان و گرێبەستەكانیان لەگەڵا كۆمپانیا جیهانیەكان.. بەهی خۆیان دەزانن، سەیر نییە بەشێوەیەكی نادادپەروەرانە پارەو پولی ئەم وڵاتە تەخشان وپەخشان دەكرێت، بۆنمونە بەشەو رۆژ و بەدرێژی دەیان كیلومەتر تانكەری نەوت وەستاوە و نەوت ئاودیودەكرێت بۆ ووڵاتانی دراوسێ و بە نرخێكی هێجار ڕەمزی دەفرۆشرێت و پارەكەی دەچێتە گیرفانی حزبە دەسەڵاتدارەكان، راستیەكەی مەهزەلەیەكی سەیروسەمەرە ووڵات هێشتا دەناڵێنێت بە دەست دابەشبوونی دوو ئیدارەیی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و پشتگوێخستنی داواكارییە خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتیان و لاوازكردنی بژێوی ژیانی گوندنیشیان و شارۆچكەكانی كوردستان.
هەرچی دووەمیانە، تۆپبارانی گوندەكانی سەرسنورە لەلایەن سوپای ئێران و توركیاوە، ئەم هێرشانە چەندین ناڕەزایی و راو و بۆچوون و مشتومڕی جیای لێكەوتەوە، ئەوەی هەیە لەگەڵا گەرمبوون تۆپباران و هێرشی فرۆكە جەنگیەكان هەردوو ووڵات بە بیانوی لێدانی پژراك و پەكەكە، بواری ئاڵوگۆری بارزگانی و هاتنەناوەوەی كۆمپانیاكانی هەردوو ووڵات گەرمتربووە، هێندەی قورسایی ئەو پێشانگە بازرگانیانەی دەیكەنەوە، هێندەی ئەوە گولەتۆپ دەنێن بە گوندەكانی كوردستانەوە، لێرەدا دووپرسیاردەكەین، یەكەمیان لەبەرگی بەرگریكردندا، ئایا ئێمە وەك هەرێم سوپا و هێزی بەرگریمان بۆچیە؟ دووەمیان لە بەرگی هاونیشتیمانیبووندا، ئایا گوندنیشیانی سنورەكانی كوردستان هاووڵاتی ئەم هەرێمەن؟
تۆپبارانەكان كوژرا و برینداری لێكەوتەوە، كونسڵخانە و سەفارەتەكانی هەردو ووڵات لە بەغدا بوونیان هەیە و وەزیری دەرەوەی عێراق كوردە، خێرە كەسێك نییە بەڕەسمی ئیدانەی ئەم هێرشانە بكات و سنورێك بۆ هێرشەكان دابنێت و ئەگەر عێراق خۆی توانای وەڵامدانەوەی نییە پەنابەرێتەبەر دادگا نێودەوڵەتیەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەوەی سەیرە و وەك هەواڵ بەرگوێمان كەوت ئەوەبوو، كە ئەم هێرشانە بە ئاگاداری حومەتی ناوەندی بەغدا و حكومەتی هەرێم و سوپای ئەمەریكایە.
كوردكوژی بە دەستی كورد بووەتە نەریت، جارێك سوپای بەعس دەكەینە دەسكەلا بۆ ئەم كوردكوژیە، جارێك سوپای ئێران و توركیا، دروست كۆتایهێنان بەم ڕەوشە، پێویستی ئیرادەی هەستانەوە هەیە، پێویستە كورد لەخۆیەوە دەستپێبكات و بەوونی سیاسیەتێكی ئاشكرا و بوێرانەی هەبێت بەرامبەر ئەو دەستدرێژیانەی دەكرێتەسەر هەرێمی كوردستان و سلكی دبلوماسی خۆی لەسەر ئاستی جیهان بەكاربهێنێت بۆ فشارخستنەسەر هەردوو ووڵات تا كۆتایی بهێندرێت بە تۆپباران و هاتنە ناوەوەی سوپاكانیان بۆ نێو خاكی كوردستان، ئەگەر بێتو دەسەڵاتدارانی كورد بەو ئەركە هەڵنەسن ئەوا گومانی ئەوە زۆر زیاددەكات كە دەستی ئەوان لەو هێرشانەدا هەبێت و بەشێوازێكی جیاواز لە رابردوو گەراونەتوە سەر نەریتی كوردكوژی.
ئۆتۆمبیـــل و تۆپبــاران