له پاش ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی به‌هاری 1991ی گه‌لی كوردستانی باشووره‌وه، ڕۆژانه چه‌ندین ووتار له‌لایه‌ن كه‌سانی سیاسی و توێژەری بێلایه‌ن بڵاوبووەته‌وه و ده‌بنه‌وه به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی گه‌نجینه‌ی هزری سیاسی كوردستانی. ئه‌ڵبه‌ته زۆرینه‌ی نووسینه‌كان—یان چاكتر وایه بڵێین—بۆچوونه سیاسیه‌كان له‌سایه و سێبه‌ری کلتووری نووسینی بابەتی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌ولاوه چهكهرهیەکی ئەوتۆی پێوە بەدیناکرێت.
له ئه‌لفوبێی سیاسه‌تدا—تۆتالیتاری بێت یان دیموكراسی—هه‌موو ڕێكخراوێك یان قه‌واره‌یه‌كی سیاسی پێویستی به میكانیزمێكی كاره بۆ جەختکردنی ئەو بەرنامانەی کە وەك بەڵێن بە ئەندامان و جەماوەری داوە. ئه‌م میكانیزمی كاره‌ش پێی ده‌گوترێت " داڕشتنی ڕێسا—Policy Making". هه‌ر كه‌سێك به‌شدار نه‌بووبێت له‌و پرۆسه‌یه، پێی ناگوترێت "سیاسه‌تمه‌دار"، یاخود به‌لایه‌نی كه‌م، مافی ئه‌وه‌ی نادرێتی ببێته نوێنه‌ری ئه‌و ده‌سته و گه‌له‌ی كه پێشتر لە ههڵیبژاردنەکاندا دەنگیان داوەتێ. بۆیه؛ بەپێی ئەم پێوەرەی سەرەوە، ده‌كرێت بگوترێت كه سه‌رجه‌م پارته سیاسیه‌كانی كوردستانی باشوور—کەم تا زۆر—بیریان له داڕشتنی ڕێسا كردۆته‌وه، به‌ڵام چۆن ڕیسایەك؟
بۆ ووڵامدانەوەیەکی تێروتەسەلی ئەم پرسە، توێژەر دەبێ لە بنجوبنەوانەی پانتایی کۆمەڵایەتی و کولتووری سیاسی ئەو ڕێکخراوانە بکۆڵێتەوە کە دەسەڵاتیان بەدەست هێناوە. لێ لەبەر کورتی ئەم باسە و دەرنەچوون لە ناوەڕۆکەکەی، چاکتر وایە ئەو باسە بۆ کۆمەڵناسانی بێلایەن بەجێ بهێڵین و پەنا بەرینە بەر ئەو تێگەیشتنە گشتە و بەربڵاوە ئەکادیمیەی کە سیاسەتمەداری کورد بە "سۆسیالستێکی کلۆڵ—Primitive Socialist" دەناسێنێت؛ واتا، سۆسیالیستێکی ئەماتۆری وابەستە بە نەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان.
بە ئاوڕدانەوەیەکی سەرپێیی لە پەیڕەو وپرۆگرامی کۆن و نوێی سەرجەم ڕێکخراوە کوردستانیەکانی باشوور، وابەستەیەکی پتەوی نێوان سۆسیالیزمی تۆتالیتاری و "کۆڕای خێڵەکی—Collectivism" بەدی دەکەون. ئەم هزرە ناکۆکە هەرگیز ناگونجێت لەگەڵ شاتیۆرهكانی بونیاتنانی "ده‌وڵه‌تی-نیشتیمانی—Nation-State" كه بریتین له ڕیالیزم و لیبرالیزم و ماركسیزم.
ناکۆکیەکانی هزری سیاسه‌تمه‌دارانی كورد—بە نەتەوەپەرست و فەندەمەلیستە ئۆلیەکانیشەوە—ئاوڕیان له‌گرنگی جیۆئابووری كوردستان نه‌داوه‌ته‌وه به‌و ڕاده‌یه‌ی كه جیۆپۆله‌تیكی ناوچه‌كه بێهوشی كردبوون و كردوون. جا ئەگەر کەسانێك بەزەقی پرسی گەشە ئابووریەکەی کوردستانی پاش لەناوبردنی ڕژێمی بەعسی عێراقی وەك بەرپرچدانەوەیەکی ئەم باسەم بۆ بهۆنێتەوە، ئەوا دەبێ ئەو ڕاستیە زەقەش فەرامۆش نەکات کە گەشە ئابووریەکەی کوردستان بە داڕشتنی ڕێسای سیاسەتمەدارانی کوردستانی نەهاتووەتە بەرهەم. بەڵکو بە تۆپزی سەپاندنی هزری لیبرالیزمی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە خۆشەکراوە. ئەگینا، گەر داڕشتنی ڕێسا لە ئارادا بوونی هەبوایە، ئەی ئەو گەندەڵیە سیاسی و ئابووری و ئیداریە چۆنە وا زۆرینەی خەڵکانی کوردستانی لە ڕادەبەدەر بێزار و ناهەموار کردووە؟ گەر داڕشتنی ڕێسا وەك کلتوورێکی سیاسی و ئابووری و ئیداری پەیڕەو بکرایە، ئەی چۆنە وا لە بیناسازییەکی سەقەتی بێ ستاندەرد بەولاوە، هێچ کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ستراتیژی دانەمەزراوە بۆ بەکارخستنی هەزاران لاو و گەنجی بێکار؟
کەواتا، وەك ڕاستییەکی بەڵگە نەویست، سیاسەتمەداری ئاماتۆری کورد هەقیەتی لە ئاو و ئاگر و کەنگرە بترسێت چونکە لە هیچێکیاندا شارەزایی و پسپۆری نیه. ئەگینا بەبێ ئاو و ئاگر و کۆنگره چۆن ئابووری گەشە دەکات و بژێوی خەڵکی زامن دەبێت؟
هەر بۆیە؛ كێشه‌ی هەنوکەیی گه‌لانی كوردستان—به گه‌لی باشووریشه‌وه—كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی نیه به‌و ڕاده‌یه‌ی كه کێشهیهكی ئابوورییه. له‌نگی له‌تای ته‌رازووی ئابووری "به‌رخست و داخواست—Supply and Demand"ی كوردستان، خه‌ڵكانی به ئاقارێكدا بردووه كه له نه‌ته‌وه‌گه‌ری به‌ولاوه بیر له هیچ چاره‌سه‌رێكی تر نهكهوه.
سۆسیالیستی کلۆڵ هیچ كات باس له جیۆئابووری ناکات وه‌ك هۆكارێك بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌ی گه‌لەکەی، به‌ڵكو به‌رده‌وام كێشه ئابووریه‌كان پابه‌ند دەکات بە ململانێی دەستکەوتە ئابووریە شەرعی وناشەرعیەکانەوە. به‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها هۆكاری جیۆئابووری كێشه‌كان لە دەسەڵاتدا قەتیس دەکاتەوە، به‌ڵكو به ململانێی مانەوە لە دەسەڵاتدا کێشەکانی كۆمه‌ڵگا دژوارتر دەبێتەوە.
كه‌واتا، خوێندنه‌وه‌ی به‌هه‌ڵه‌ی تیۆره سیاسیە نیشتمانی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و پابه‌ندبوونی ته‌سكی په‌یڕه و پرۆگرامی پارته سیاسیه‌كانی كوردستان به هزرەکانی سۆسیالیزمی تۆتالیتاری و کۆڕای خێڵەکی هۆیه‌كی سهرهكینە لهنهخهمڵانی دۆزی ده‌وڵه‌تی-ندشتیمانیدا. گه‌زافی نهتهوهگهریش—نه به‌واتای نیشتیمانگهری—جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نیه لەو هزرەی کە سۆسیالیستێکی کلۆڵ باوەڕی پێداکات و خەڵکی ڕەشوڕووتی پێدەخاپێنێت. ئه‌گینا بۆچی توركمان و كه‌مینه ئاینی و نهتهوەییهکانی تری كوردستان وورووژێندراون و به‌رهه‌ڵستكارانه له‌گه‌ڵ دۆزی كوردستانی باشووردا مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن؟
داخواستی كشتوكاڵی و ئاوی و ووزه‌یی كوردستان له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به‌رزتره له بەرخستەکانی. جا گه‌ر هاتوو په‌یڕه‌وێكی نیشتیمانی له‌پای گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ستنیشان بکرێت و به‌كاربهێنرێت، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر تای ته‌رازووی به‌رخست و داخواست یه‌كسان ده‌بێته‌وه، به‌ڵكو كێشه‌ی كوردیش چاره‌سه‌ر ده‌بێت و جیۆپۆلۆتیكی ناوچه‌كه‌ش گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. ئەمەش واتای ئەوە نیە کە بە بەرخستی کاڵای هاوردەیی ئاست نزم بازاڕەکانی کوردستان لێزمە کرێن و باڵادەستی بدرێتە ئاژانسەکانی ووڵاتانی نەیاری کورد لە ناوچەکەدا. بەڵکو ئەو بەرخستە دەبێ بەرهەمی دەستی کاری خۆماڵی بێت.
سیاسه‌ت—به‌پێچه‌وانه‌ی پێناسه‌ی كاتبهسهرچووی "فن الممكن"ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین—بریتیه له "كێ چی وهبهردهكهوێت، له‌كوێ، كه‌ی، چۆن و بۆ؟". بۆ به‌پراكتیزه‌كردنی ئه‌م پێناسه‌یه، سیاسه‌تمه‌داری چاك پێویستی به داڕشتنی ڕێسایە تاوەکو بتوانێت مه‌به‌سته‌كانی له ماوه‌یەکی (زمنی) دیاریکراودا بگه‌یه‌نێته ئاكامه‌كان. واتا، سیاسه‌تمه‌داری كوردستانی ده‌بێت جێی متمانه‌ی مه‌به‌سته‌كانی ئه‌و جه‌ماوه‌ره بێت كه له سنوقی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگیان پێبه‌خشیوه و كارا بێت له به‌كارهێنانی چوارچێوه‌یه‌كی كاتی بۆ خه‌مڵاندنی ئامانجه گشتیه‌كان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئارەزووە ئاكامیەکان كه بێگومان به‌بێ بودجه‌ی دیاریكراو به‌رجه‌سته نابن.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی شۆڕشه‌كانی كورد نه‌بوونی ڕێسای بودجه‌و سه‌رمایه‌ی خۆماڵی بووه. هه‌ر هاریكارییه‌كی ده‌ره‌كیش نرخی خۆی هه‌بووه: هه‌ره‌سی 1975 نموونه‌یه‌كه و شه‌ڕی براكوژیش نموونه‌یه‌كی تری بەردەستی کێشەی نەبوونی ڕێسای بودجەن.
بێ ئاگا له ماجه‌راكانی شه‌ڕی ساردی نێوان دوو زلهێزی ئه‌وێ ڕۆژێی سۆڤیه‌ت و ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها بێ ئاگا له داڕمانی سیسته‌می دراوی نێوده‌وڵه‌تی برتۆن وودز----International Monetary Bretton Woods Systemكه قه‌یرانێكی ئابووری مه‌زنی بۆ ئه‌مه‌ریكا و دراوی دۆلار دروستكرد، سه‌ركردایه‌تی بزاڤی كوردی لە ساڵە سەرەتاکانی هەفتای سەدەی ڕابردوودا—له‌به‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و ئالۆزی دانووستانه‌كانی كێشه‌ی كه‌ركوك و نەگونجاوی جیۆئابووری ناوچه‌ی كه‌نداوی فارس—ده‌سبه‌رداری له‌هه‌موو ئالتهرنهتیڤهكانی خۆی ڕاگه‌یاند له‌هه‌مبه‌ر هاوپه‌یمانانی سۆڤیه‌ت و به‌دروشمی "یاتا حه‌مرین یان ده‌بێ بمرین"، هێلكه‌كانی گواسته‌وه نێو سه‌به‌ته پڕگومانهكهی كێسینجهر- ڕه‌زا شاوه، و به‌وه‌ش هه‌ره‌سی به بزاڤه‌كه هێنا. لێرەدا ئه‌و پرسیاره دێته ئاراوه كه ئایا سه‌ركرده‌ی بزاڤی كوردی ئەوێ ڕۆژێ بێ به‌رنامه و په‌یڕه‌و و بێ ڕێسا بوو؟ نه‌خێر. له ڕوانگه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی زه‌قه‌وه، بزاڤه‌كه هیچی كه‌متر نه‌بوو له بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه پێشكه‌وتووه‌كانی تری جیهان. وه‌ك لاوێكی به‌شداربووی بارودۆخه‌كانی ئه‌و ڕۆژانە و ئێستاش وه‌ك ئهكهدهمسیۆنێك، ده‌شێ بلێم كه شۆڕشی 1974-1975 بهئیدارهترین شۆڕشی كورد بووه. لێ به‌پێی پێوه‌ره سیاسیه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌هه‌ره‌س به‌ولاوه چاره‌سه‌رێكی تری بۆ نه‌بوو—بزاڤێكی نه‌ته‌وه‌یی ڕادیكاڵ به تیۆرێكی چه‌واشه‌كراوی ماركسیست لینینزمی لێههڵگهڕاو (بە ووشەی تر؛ سۆسیالیستی کلۆڵ) و فهرامۆشكاری بنه‌ما یاساییه باوه‌كانی دانووساندن وكشانهوهی یه‌كجاره‌كی له دانووساندنهكانی به‌غدا—و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه په‌یڕه‌ونه‌كردنی سیاسه‌تێكی ئابووریانه بۆ كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه ئابووریه‌كانی كوردستان هەر ئەوەی ئاکام بوو کە هەرەس بکات.
به‌سوود وه‌رنه‌گرتن له دەرنجامەکانی هه‌ره‌سی 1975 و جارێكی‌تر خۆبه‌ستنه‌وه به گه‌مه و سیاسه‌تی هه‌رێمیی ناوچه‌كه و له‌مانه‌ش زه‌قتر--پشتگوێخستنی كاریگه‌ری سێ-كوچكه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی—بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی تازه‌ی كوردستان دوچاری قه‌یرانی دووبه‌ره‌كی ناوخۆ بووه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر مهتۆده تیۆریه‌كانی خه‌باتی لۆكاڵیدا. به‌ڕاده‌یه‌ك كه بارێكی مه‌ترسیداری تهكهتولبازی و گه‌نده‌ڵكاری له كوردستانی باشووردا به‌جێ هێشتووه ،گه‌ر به نه‌وه‌یه‌كی تازه‌ی سیاسی و جیهانبین چاره‌سه‌رنه‌كرێت، زهمینهخۆشكارێك ده‌بێت بۆ شه‌ڕێكی تری ناوخۆیی و جێنۆسایدێكی تری له ئه‌نفال ستهمناكتر.
هه‌ر بۆیه، سه‌ركرده‌كانی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان، پێش هه‌موو شتێك، دەبێ ئاوڕ له باری پڕ نه‌گه‌تیڤی تهكهتولبازی و گه‌نده‌ڵكاری هه‌ڤاڵ وهاورێ سه‌ركرده‌كانیان بده‌نه‌وه. به په‌یڕه‌وكردنی مهتۆدهكانی شەفافیەت و به‌رپرسیارێتی (Transparency and Accountability)، ناسهقامیهكانی تهكهتولبازی و گه‌نده‌ڵكاری ده‌ڕه‌وێنه‌وه و ته‌بایی ڕیزه‌كانی گه‌لیش پته‌وتر ده‌بنه‌وه.
گه‌ل و كوردستان به پڕۆژه‌ی ماكرۆئابوورییهوه ده‌بووژێنه‌وه، نه‌ك به پڕۆژه‌ی میكرۆئابووری پڕ له كه‌لێنی گه‌نده‌ڵكاری. با توانای سه‌رمایه‌دارانی خۆماڵی بخرێنه‌كار نه‌ك له بیناسازی بێبهروبوومدا، به‌ڵكو له پڕۆژه‌ی ستراتیجی ئابووریدا وەك ماكرۆ-كشتوكاڵ، ماكرۆ-ئاو، ماكرۆ-ووزه و پیشەسازی كانگای قورس و هتد...
ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی ئێراقی 2003 هه‌لی مه‌زنی بۆ باشووری كوردستان هێنایه دی. قۆزینه‌وه‌ی ئه‌م هه‌لانه پێویستی به هزرێکی ڕەوانی لیبرال و پیلانێكی ژیری ئابووری هه‌یه. كورد و كوردستانیان ده‌بێت له‌چاره‌سه‌ری ئاماده‌كراوی ڕه‌وا و مه‌نتق و مۆڕاڵی سیاسه‌ت ده‌سبه‌ردار بن و به‌خۆ چاره‌نووسی خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن. له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا ئاناركیزم—ئاڵۆزی—به‌رقه‌راره. ژیر و دانا ئه‌وانه‌ن كه بتوانن هه‌ماهه‌نگییه‌كی ئابووریانه (Economic Cooperation) له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریاندا په‌یڕه‌و بكه‌ن. به‌مانایه‌كی تر، تیۆری سیاسی سه‌ركردایه‌تی كورد و كوردستانی له سه‌رده‌می جیهانگیری ئه‌مڕۆدا پێویستی به ووتاری لیبرالییه وه‌ك پێوه‌رێك بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی ده‌وروبه‌ر و زلهێزاكانی هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین.
لێره‌دا ئاماژه پێویسته بۆ هه‌وڵی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌وه‌ی سیاسی گۆشهنهگیری كورد، نه‌خاسمه دوای هه‌ڕه‌شه سیاسی و سه‌ربازیه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی ئێراق به‌بیانووی ڕادیكاڵیهت و سهرچاوهگهری خه‌باته چه‌كداریه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌وه. جێی دڵخۆشكهریه كه ده‌بینین ووتاری سیاسی كوردستانی ئێراق—به‌تایبه‌ت له‌مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه‌دا—هه‌نگاوێكی به‌رچاوی به‌خۆوه گرتووه له په‌یڕه‌وكردنی مێتۆده‌كانی هزری لیبرالیزمی وه‌ك ئاشتی، سه‌قامگیری و خوازیاری هه‌ماهه‌نگیانه‌ی سیاسی و ئابووری وه‌ك چاره‌سه‌رێكی شیاو بۆ مه‌سه‌له‌كه. پێگه‌یاندن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌م مێتۆدانه زه‌مینه‌یه‌كی شیاو ده‌هێنێته كایه‌وه بۆ جه‌مسه‌ربوون و چاره‌سه‌ركردنی پرسگرێكی تری وه‌ك كه‌ركوك و ناوچهساغنهكراوهكانی تری كوردستانی باشوور. له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه، كه‌شێكی گه‌شبین ده‌خوڵقێنێت بۆ ڕهتانهوهی ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیانه‌ی كه باڵی به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا كشاندووه و گیرۆده‌ی تیۆری موئامهراتی هزری نه‌ته‌وه‌گه‌ری عه‌ره‌بی كردوه.
بۆ پێگه‌یاندن، ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و به كوردستانی كردنی ئه‌م تیۆره، سیاسه‌تمه‌دار و شاره‌زایانی كوردستان پێویستیان به فۆرمیلهكردنی جیهانبینیه‌كی خۆماڵیه كه بتوانێت مۆركی كو‌لتور، شاره‌زایی ژیان و كه‌سایه‌تی كوردستانی تیا بڕه‌خسێنێت له‌پێناو باشتر گوزارشتكردن له باوه‌ڕ، دید و به‌هاكانی گه‌ڵ و جه‌ماوه‌ر. ئه‌گینا، په‌رته‌وازی و شاگهردانی و بێبه‌رنامه‌یی هه‌رگیز كوردستانیان ناگه‌یه‌نێته ڕۆخی ئاسووده‌یی و به‌رده‌وام ده‌بن له مه‌له‌ی پهلهقاژێیی دژ به شه‌پۆله ناهه‌مواره‌كان.
………………………………
سه‌عید كاكه‌یی : هه‌ڵگری ماسته‌ری هونەری دبلۆماسیه‌ت له په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و خوێندکاری دوکتۆرای فەلسەفە لە بواری بەڕێوەبردنی کێشە ئیتنیەکاندا.
لـیبرالیزم و پێداویسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردستانی