head
 

شانازی ئازادی رادەربرین لەبەردەم پرسیاردا

هەردی عەلی

 

تاقە شانازییەكەی دەسەڵاتی كوردی لە دوای راپەرینەوە هەتا ئێستا بریتی بووە لە ئازادی رادەربرین، هەرچی پەیوەندی بە باڵەخانە و كۆنكرێتكردنی گەرەك و روواندنی چەند نەمامێكەوە هەیە، بەشێوەیەكی رۆتینی دەكەوێتە چوارچێوەی كاری حكومەت، نە لەدوور نە لەنزیك كەس ناتوانێت بە دەستكەوت ئەژماری بكات، كەسیش ناتوانێت شانازی پێوەبكات، كەس ناتوانێت شانازی بەوەو بكات لە جیات یەك كاتژمێر كارەبا ئێستا بووەتە چەند كاتژمێرێك، یان باخچەیەك دروستكرا یان ڤێلەیەك بۆ فلان مسئول بیناكرا، یاخود سەدان كۆنە خەباتكار ئێستا بووەنە ملیۆنێر،.. لەوانەیە كەسیش رووی نەیەت شانازی بەوەوە بكات كۆنە جاش و پیاوانی رژێم ئێستا وەك كۆنە خەباتگێر خانەنشینكراون، دڵنیام كەسیش نە لە ناو حزب و نەلە دەرەوەی حزب شانازی بەوەوە ناكات كورد نەوت دەفرۆشێت، یان باشترە بڵێم كورد ئێستاكە خاوەن كێڵگەی نەوتی خۆیەتی، چونكە معلومە پارەی ئەو نەوت كەس نازانێت چی لێ بەسەردێت، زۆرشتی تر هەیە كەس ناتوانێت شانازی پێوەبكات، ئەویش جگەلەو هۆیەی سەرەوە باسكرا كە پەیوەندی بە رۆتیانتی كاری حكومەتەوە هەیە، لەگەڵیا دەیان هۆی تر هەیە كە خەڵكی ئاسایی قێز لەو كار و پرۆژانە بكاتەوە كە ئەم دەسەڵاتە كوردیە ئەنجامی دەدات، لایەك ئەم كاروپرۆژانە بە رستێك كاری نابەرپرسانە و بێ زوق و رونەقدا تێدەپەرن، لەلایەكی ترەوە پرۆژەیەك شك نابەین خەرقی كاری گەندەڵی و كەموكورتی و تاقەتپروكێن نەبوو بێتەوە، بەكوردی و بەكورتی تاقە شانازییەكەی دەسەڵاتی كوردی كە بریتیە لە ئازادی رادەربرین! ئێستا بە داخەوە ئەم دەسەڵاتی كوردی ناتوانێت شانازی بەو مەسەلەیەوە بكات!

ئەوەی چەوساندنەوە و كپكردنی ئازادیەكانی چەشتبێت دەزانێت بەهای ئازادی چییە؟

ئێمە نەوەی كلتوری رۆژهەڵاتین، نەوەی ئەو كەلتورەین كە سێ مەسەلەی هێجگار گرنگ لە ژیانی ئێمەدا كەمترین ئامادەییان هەیە، ئەوانیش لێبوردەیی و ئازادی و دادپەروەری، هەرچی پەیوەندی بەو سێ چەمكەوە هەیە، بوونەتە قوربانی هەڵچنینی ترادسیون و دەسەڵاتە ستەمكارە ئاینی و خێڵەكیەكان، لە بری لێبوردن دەبینین رستێك ئاین و زمان و نەتەوە و كلتور لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوندان، لەبری ئازادی، رۆژانە ئەو لاشە ساردوسرانە دەبینین كە بێڕەحمانە بەهۆی جیاوازی بیروبۆچون یان جیاوازی ڕەگەزی و نەژادی و جەندەریەوە لەناودەبرێن! دیارە لەبری دادپەروەری ئەو دەسەڵاتە ستەمكارانە ئامادەییانە هەیە كە هەموو شتێك بۆخۆیان ڕەوایە و هیچ شتێك بۆ كەسانی دی ڕەوا نییە، ئەو جیاوازییە گەورەیە دەبیندرێت كەلە نێوان ژیانی هاوڵاتیەكی ئاسایی و بەرپرسێكدا هەیە!  بە كورتی ئەو چەمكانەی بەهایەكی مرۆیی و گەردونیانەیان هەیە غیابێكی گەورەیان هەیە لەكلتور و دەسەڵاتی رۆژهەڵاتیدا،  ڕەنگە ئەم بۆچونە كەمێك گشتگیر و بێ جیاوازیكردن لەنێوان شوێنگە جیاوازەكاندا بەیانبكرێت، بەڵام راستیەكەی ئەوەیە مێژووی ئەم ناوچانە بە ئێستایشەوە بریتیە لە مێژووی بێ حورمەتكردنی مافی مرۆڤەكان، بریتیە لە مێژووی هێرشكردنە سەر مافە گشتیەكان، هەروەك بریتیە لە مێژووی شێواندنی پەیوەندیە جڤادی و زمانەوانی و كلتوری و ئەخلاقیەكان، دیارە پرۆسیجەری ئەم كارە لەسەر بنەمای هەڵچنینی كلتورێكی ترەوە سەرچاوەدەگرێت كە كەمترین نەفەسی تێدا شكدەبەین بەرامبەر بەها گەردوونیەكان، ئێستاش كەلە سەردەمێكدا دەژین هەموومان بە سانایی یەكتر دەبینین، ترادسیۆن و ئەزموون و كلتور و رۆشنبیرییە جیاوازەكان لە ئاڵوگۆر و گواستنەوەیەكی خێرادا دەردەكەوێت، كەچی هێشتا  ئەركێكی قورس و دژوارە بیر لەوەبكرێتەوە، چەمكە مرۆڤدۆستیە گەردونیەكان لەم گەلتور و رۆشنبیریەی خۆماندا جێگەیەكیان بۆ بكەینەوە.

ڕەنگە ئەستەم بێت لە دوای ئەو هەموو شەر وكوشتار وێرانیەی بەسەر ئێمەدا هاتووە وەك كورد، دەستبەرین بۆ ئەو چەمكە گەردونیانە، راستە لەسەر رووبەری رۆژنامە و گوتاری بەرپرسەكانەوە ناوی ئەو چەمكانە دەهێندرێت، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ئێرە شوێنگەی ئەتكردن و بێ ماناكردنی هەرسێ چەمكی ئازادی و لێبوردەیی و دادپەروەریە.

 لەراستیدا لە دوای رستێك رووداوی یەك بەدوای یەك كە من تەنها وەك ناو ریزیان دەكەم، ئیدی كەس ناتوانێت شانازی بە ئازادی ئەم هەرێمەوە بكات، راستیەكەی لەدوای رووداوی كوشتنی رۆژنامەنوسەكان، رووداوی نانبرینی بیروبۆچونە جیاوازەكان، رووداوی ساختەكاریەكانی هەڵبژاردن، رووداوی بە قاچاخبردنی نەوت و سامانی ئەم میللەت، رووداوی شكاتە بێ شومارەكانی حزب لە میدیا سەربەخۆكان، رووداوی بەردەوامی دابەشوبونی ئیدارەی كوردستان،..... لە دوای ئەو رووداوانە و گەلێك رووداوی تر، كێ دەتوانێت شانازی بە ئازادی هەرێمی كوردستانەوە بكات.

 

رؤشنطةرى

C 2010 All right reserved, roshngari.com