head
 

پرسیار لە ئازادی

مەریوان عەلی

 

هێلێكی باریك لە نێوان ماف و دەسەڵات و سەركوتكردندا هەیە، هێڵێك هێندەی ئەوەی دوو جیهان و دوو جۆر فەرمانڕەوایەتی لێكجودا دەكاتەوە، راستیەكەی ئەو هێڵە بریتیە لە چەمكی ئازادی، پرسیاری ئەوەی ئازادی بۆ ئەو قودرەتە گەورەیەی هەیە جیاكاری لە نێوان ماف و دەسەڵات و سەركوتكردندا بكات، پرسیارێكە لەو چەشنەی كە منی ئازاد چی دەگەیەنێت، ئایا ئازادی لە داواكردندایە یان لە جێبەجێكردندا؟

هەڵبەت مێژوویەكی دورودرێژە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە هەوڵی بەدیهێنانی ئازادیدا، جار لە دواجای زیاتر رووبەروی تەنگەژە و جەنگ و شەری ناوخۆیی و ململانێی خوێناوی دەبێتەوە، راستیەكەی كۆی ئەم پرۆسەیە وامان لێدەكات بۆ هەموو قسەكردنێك لەسەر ئازادی جا لە هەر كایەكی مرۆییدا بێت، بگەرێینەوەسەر سنورەكانی ماف و دەسەڵات و ئەگەرەكانی سەركوتكردن.

ڕەنگە باشترین دەستپێك بۆ قسەكردن لەسەر ئازادی گرێدانی چەمكی ئازادی بێت بە مافەوە، دواتر ماف لە كۆمەڵێك رێسا و یاسا و بەندی دەستوریدا شرۆڤە دەكرێت، بەمانایەكی تر بۆ دیاریكردنی سنورەكانی ئازادی پێویستە بگەرێینەوە سەر ئەو بەندە یاسایانەی كە ئازادی پێ پێناسدەكرێت، هەروەك ئازادی رادەربرین و كۆچ و بەشداریكردنی كایەی سیاسی و كۆمەڵە مەدەنیەكان و ئازادی كۆر و كۆبونەوە و خۆپیشاندان.. گەلێك بواری دی كە پەیوەندی بە ئازادی گشتیەوە هەیە و لە دەستوری وڵاتانی جیهاندا دیاریكرداوە.

ڕەنگە ئەوەی كێشەی سەرەكی بێت لە جێبەجێكردنی بەندە دەستوری و یاساییەكانی لای خۆمان، ئەوەبێت ئەو یاسا و بەندە دەستوریانەی داكۆكی لە ئازادی دەكەن تەندراون بە كۆمەڵێك خاڵی نا مەعقول كە ئەوانیش لە دەرەوەی یاسای ئەقڵانین، چونكە چردەكرێنەوە لە مەسەلەكانی وەك: پێویستە ئازادی فڵان بوار لەگەڵا سیستەمی گشتیدا ناكۆك نەیەتەوە، یان ئازادی فڵان سنور نەبەزێنێت، یاخود هەر جۆرە چالاكییەكی مەدەنیانە لە پێناو هەر مەسەلەیكدا بێت، نابێت بێ رێگەپێدان ئەنجامبدرێت، نابێت ئازادی كەس لەكەداربكات، نابێت كەس توانای ڕەخنەگرتنی هەبیچت لە سەرۆك...كۆی ئەم گوزارشتانە بۆ ئەوەیە ئەگەر ئازادی لە سەر رووبەری كاغەزەكان برازێندرێنەوە ئەوا لەسەر ئەرزی واقع بە ئاسانی بتواندرێت سەركوتكردن ئەنجامبدرێت، بۆیە دەڵێن ئازادی بە فلتەرێكی جاڵجاڵۆكیدا تێدەپەرێت كەدەسەڵات، راستیەكەی لە وڵاتانی دواكەوتوو و رۆژهەڵاتدا یاساكان بە ئاسانی دەگەنەوە سەر رێچكەی سەركوتكردن، واتە ئەوە یاسایە پاڵپشتی دەسەڵات دەكات بۆ سەركوتكردن نەك پاڵپشتی ئازادی و رێكخستنی كایەكانی ژیان بە جۆرێك ئازادی هیچ كەس و جڤاد و كۆمەڵەیەكی تێدا فەرامۆش نەكرێت.

ڕەنگە ئەو راستیەش بزانین كە بەپێی مادەی 19 لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسیەكان، ئازادی رادەربرین پاپەندی ئەو رێسایانەیە كە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی یان سیستەمی گشتی و تەندروستی گشتی و ئەخلاقدا دانراون، ڕەچاوكردنی ئەو بەندە دەستوریەی سەرنج دەداتە گرنگی كۆمەڵێك مەسەلەی گرنگی دەوڵەتداری، لەو مافە مەدەنیانە كەمناكاتەوە كە پێویستە لە كایەی گشتیدا شوێن و پێناسە و زەمینەسازی بۆخۆشبكرێت، راستیەكەی مەسەلەكە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە پرسیاری ئازادی لە كایە گشتیەكاندا، لە پرسە چارەنوسازەكاندا، لەو مەسەلانەی منی هاووڵاتی لەبەرامبەر جەبەروتی دەسەڵاتدا رادەگرێت چ وەڵامێك بەدەستدەهێنێت؟

دروست لە نێوان ئازادی و سەركوتكردندا رووبەرێكی گەورە بەدیدەكرێت، برێكی زۆری ئەو رووبەرە دەسەڵات پری دەكاتەوە، مەبەستمە بڵێم دەسەڵات پەیوەندی نێوان ئازادی و سەركوتكردن رێكدەخات، هەربۆیە شوناسی دەسەڵاتێكی سەركوتكەر جیاوازە لە دەسەڵاتێك كە ئازادی بە پێی ماف و یاسا و دەستور رێكدەخات، لە دەسەڵاتە سەركوتكەرەكاندا ئازادی تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە نزیكن لە دەسەڵاتەوە، نزیك لە بەرپرس و كەسە نزیكەكانی دەسەڵات و ئەندام و لایەنگرانی حزبی دەسەڵاتدار، ئەگەرچی ئازادی ئەمانیش ئازادیەكی موزەیەف و بێ بنەمایە، ئازادیەكە لە پێناو كەمكردنەوەی ئازادی ئەو كەسانەی داوای ئازادی دەكەن، واتە تەنها لە چاودێریكردن پاراستنی دەسەڵاتدا ئازادن، دەنا لە هەموو شتەكانی تردا ئەوان دیلی دیلكراون.

 

رؤشنطةرى

C 2010 All right reserved, roshngari.com