head
 

ئایا هەڕشە بۆ سەر میدیای ئازاد هەڕەشەیە بۆسەر هەمووان

دەشتی

 

ئەو پرسیارەی سەرەوە رووبەروی هەموو هاووڵاتیەك دەبێتەوە! پرسیارێكە لە سێكتەری رۆژنامە و رووبەری گۆڤار و بیروبۆچونە ئازادەكانەوە دێتە دەرێ، بەڵام هەموومان خۆمان بە خاوەنی وەڵامەكەی دەزانین.

 راستیەكەی باشترین وەڵام خۆپیشاندانە گەورەكانی دژ بە تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان بوو، هەموو ئەو كەسانەی بەشداری ئەو خۆپیشاندانەیانكرد رۆژنامەنوس نەبوون، بەڵام بەشداربووانی ئەو پرۆتێستە خەمێكی زۆر و ترسێكی زۆریان لە پاشەكشێی ئازادی هەبوو!

پاشەكشێی ئازادی وای لە هاوڵاتیان كرد برژێنە سەر شەقامەكان و داوای ئازادی زیاتر لە دەسەڵات بكەن! پرسیاری ئەوەی هەرەشە بۆ سەر میدیای ئازاد هەرەشەیە بۆ سەر هاووڵاتی؟ پرسیارێكە لە بنچینەدا برتیە لە ئیستێكی ئەقڵانی بەرامبەر دەسەڵات و تەماشاكردن و خوێندنەوەی جمگە سەرەكیەكانی دەسەڵات و ئەو میكانیزمانەی فەرمانڕەوایەتیكردنی پێ جێبەجێ دەكرێت، هەروەك ئیستێكە بەرامبەر مافی هاوڵاتی بوون ومافی دەستكەوتنی زانیاری و شەفافیەت و دیموكراسیەت، چۆن؟ واتە چۆن دەكرێت ماف و زانیاری و شەفافیەت لە سیستەمی دیموكراسیدا راڤەبكرێت؟

لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا دێینەوە سەر ئەسڵی مەسەلەكە كە ئازادیە! تەنها لە سیستەمە داخراو و شمولیەكاندا، لە رێگەی بەتەسككردنەوەی سنورەكانی ئازادی، لە رێگەی خاپوركردنی ئەو ڤاكیومانەی دەشێت وەك دەلاقەی سیستم دەربكەن، تێدا بە رێگەیەكی سستماتیك كایەكان چاودێریدەكرێت، نهێنیەكان دەپارێزرێت، زانیاریەكان ووندەكرێن، ترس بڵاودەبێتەوە لە نێوان هاوڵاتیان، مافی هەر تاكێك بریتیە لە وەلائی كوێرانە بۆ دەسەڵات... ئەم جۆرە لە سیستم تەنها لە رێگەی كوشتنی چەمكی ئازادیەوە سەرجەم نیازەكانی خۆی جێ بەجێ دەكات!

واتە لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی كایەكان، ونكردنی داتا و زانیاریەكان، پاشەكشێ لە ئازادی دەكرێت، سیستەمی شمولی بەكۆتایهاتنی ئازادیە گشتیەكان دەتوانێت پێگەكانی خۆی قایم بكات.

 

كام دەسەڵات

هەنووكە دەسەڵاتە لۆكاڵیزە بچوكەكانی وەك هەرێم، كە ناتوانن لەگەڵا دیموكراسیەت و ئازادیە گشتیەكاندا هاوتەریب تێپەرن، بە چەشنێكی سەیر میكانیزمی پاشەكشێ لە ئازادی جێبەجێ دەكەن، ئەویش لە رێگەی تۆرێك دامودەزگای حزبی و میدیای حزبی و میدیای سێبەر و پەرلەمان و حكومەتەوە.

ئەم مۆدیلە لە دەسەڵات چەند پێشمەرجێك بۆ بەشداری كایە سیاسیەكان ریزدەكات، پێشمەرجی خەباتگێری، نزیكی لە كارەكتەركەكانی دەسەڵات، سامان، نفوزی خێڵەكی...لەم پێگانەوە بەشداری سیاسی بریتی دەبێت لە بەشدارییەكی كارا.

 ئەگەر رونتر قسە بكەین، با باسی كاریگەری نێوان جوڵەی ئابوری و دامودەزگا حزبیەكان بكەین، لە كوردستاندا حزبە باڵادەستەكان (ئەوانەی دەسەڵات بەرێوە دەبەن، یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات) لە سیاسەتەوە دێن كۆنترۆڵی جوڵە و پرۆسەی ئابوری كوردستان دەكەن، فكرەی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە، حزب كەناڵ و پەناڵە ئابورییەكان كۆنترۆڵا دەكات، هەڵبەت لەم كۆنترۆڵكردنە ئامانج تەنها سەرمایە و جوڵەی بازرگانی و ئابوری نیە، بەڵكو ئامانج كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگایە، حزب وەك ئەژدەهایەكی برسی پەلاماری هەموو جوڵە و چالاكیە ئابوری و  بازرگانی و وەبەرهێنان و سەرچاوەكانی داهات دەدات..، ئیدی لە ژێر سێبەری ئەم پرۆسەیەدا دەسەڵاتی سیاسی هەموو دەرگاكانی پرۆژە  ووەبەرهێنان و سەرچاوەكانی داهات تەسلیم بە حزب دەكات، لە كۆتایشدا حكومەت دەبێتە موچەخۆرێكی حزب، بە كورتی حزب بازاڕ ئاراستە دەكات.

لە پشتی ئەم لۆژیكەوە جۆرێك كاركردنی ترسناكی حزبی ئامادەگی هەیە، كە بریتیە لە داگیركردنی كۆمەڵگا و سەرچاوە ئابوریەكانی، لە راستیدا لەم پرۆسەیەدا كۆمەڵگا دەكەوێتە بەردەم یەك جۆر ئەقڵ و دنیابینی و ئەگەر! كە تێدا جگە لەوەی مەسەلەی گەشەسەندنی ئابوری و پێش خستنی كەرتی وەبەرهێنان و بازرگانی و پرۆژەكان لە سنوری ئەقڵی حزبی و سیاسیدا گیردەخوات، لە هەمان كاتدا بۆ چەندین دەیە كۆمەڵگا لە رووی مەدەنی و سیاسی و ئازادیەوە بەرەو دواوە پاشەكشێ دەكات، لەم پاشەكشێیەدا توێژێكی تەماحكاری سیاسی، گروپێك كە لە دیدی فاشیزمانەوە تەماشای پرۆسە سیاسیەكان دەكەن، وەك توێژێكی باڵا دەست دەردەكەن!

 بێگومان لەم پرۆسەیەدا سەرەتایترین بنەما زانستیەكانی ئابوری ڕەچاوناكرێت، بۆیە دەبینین لە پاش بیست ساڵا حوكمرانی دەسەڵاتدارانی كورد، شارەكان هێشتا لە تاریكیدا خەرق بووە، پرۆژەكان بە نیوەناچڵی فەرامۆشدەكرێن، رێگەی بان و باخچە و سەوزایی لەو پەری هەژاریدایە، پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لەو پەری دواكەوتویدایە، كەرتی تەندروستی و پیشەسازی و خوێندن تووشی دارمان پەرتەوازەییەكی زۆر بۆتەوە.

وەك باسمان كرد یەكێك لە سەرەكیترین شێوازی ئیدارەدانی حكومەت و كۆمەڵگا بریتیە لە كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگا لە رێگەی حزبەوە، هەروەها لەم رێگایەوە حزب زۆر جومگەی سەرەكی هەیە لە چنگی خۆیدا دەیهێڵێتەوە لەوانە: بە نهێنی هێشتنەوەی زانیار و داتاكان، ئەمەش تا ئەندازەیەكی زۆر كاریگەری ترسناك لە سەر ڕەوشی كۆمەڵگا دادەنێت، هەروەها دروستكردنی كەلێنێك لە نێوان حزب و كۆمەڵگا و حكومەتدا، كە بەهۆیەوە بێ ئاگایی و تێنەگەیشتن لە جوڵەی سیاسی و ئابوری و چالاكییە بازرگانیەكان دروستدەكرێت.

بە كورتی كە حزب دەست دەنێتە بیناقاقای كۆمەڵگا، بە چەشنێك بیردەكاتەوە كە سەرجەم كایەكان لە حزبدا كۆبكاتەوە، ئیدی نموزەجی حزبی ستالینی و شمولی لە كرداردا دەردەكەوێت. واتە ئەوەندەی بانگەشەی دیموكراسی و ئازادی و ماف... دەكرێت لە ژێرەوە كۆمەڵگا بەرەو داخراوەیی و نادیموكراسی و مۆنۆپولكردن دەبرێت.

ئێستا با ئەم پرسە بە مەسەلەی ئازادیەوە گرێبدەینەوە:

باشترین رێگە بۆ بێدەنگكردن و كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگا، بریتیە لە بێدەنگكردن و كۆنترۆڵكردنی میدیای ئازاد، میدیایی ئازادی لە چەند رێگەیەكەوە كۆنترۆڵ دەكرێت كە سەرەكیترینیان كە تائێستا لە كوردستاندا بەركاهێندراوە بریتیە لە:

1.         شاردنەوەی و پاراستنی زانیارییەكان لە میدیای ئازاد، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە مەسەلەی ئابوری و سامان و خەرجی پرۆژەكان و مەسەلەی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و بازرگانیكردن.. هەیە، هەروەها پاراستن و شاردنەوەی ئەو پەیوەندییە ژێر بەژێرانەی كە حزبەكان بە وڵاتانی دەرەوە و هێزە ناوخۆییەكانەوە دەبەستێتەوە، بەكورتی شاردنەوەی هەموو ئەو زانیاری و داتا و فیگەرانەی كە بە رێگەیەكی ناشەرعی لە كایەی سیاسەت و ئابوریدا جێبەجێ دەكرێن.

2.         دەركردنی یاسای تایبەت بە پاشەكشێی ئازادی و ئازادی رادەربرین و خۆپیشاندان.. هەروەك كارنەكردن بەو یاسایانەی كە بە قازانجی مەسەلە ئازادییەكان دەشكێتەوە، لەمەدا نمونەی یاسی رۆژنامەگەریمان هەیە كە تا ئێستا كاری پێناكرێت.

3.         پاڵپشتی نەكردنی حكومەت لە رووی مادییەوە بۆ كەناڵی تیفی و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤارە ئازاد و سەربەخۆكان.

4.         هەرەشەكردنی دامودەزگا حزبیەكان لە رۆژنامەنوسان، لە رێگەی لێدان و دورخستنەوە لە كارەكانیان تا گەیشتۆتە ئاستی تەسفیەی جەسەدی(كوشتن).

5.         داخستنی دامودەزگا حكومیەكان و هۆڵی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران بەرووی كەناڵەكانی راگەیاندن.

دیارە زۆر رێگەی تر هەیە كە دەسەڵات راستەوخۆ كەوتۆتە سەنگەرەوە لە میدیای ئازاد، بە كورتی من لە سێ خاڵدا هۆكاری ئەم دژایەتیەی دەسەڵات دەخوێنمەوە بەرامبەر میدیای ئازاد:

1.         لە حاڵەتی بوونی میدیای ئازاد بەمانا پرۆفێشناڵیەكەی برێكی زۆری نهێنیەكانی دەسەڵات كەشف دەكرێت، كە ئەمەش بەسن بۆئەوەی لێدانی جەرگبر لە بنەكە جەماوەریەی حزبە گەورەكان بدرێت.

2.         ئازادی میدیا هۆكارێكە بۆ كەشفكردنی ستراتیژی پەیوەندیكردن و چالاكییە ئابوریەكان و كارە گەندەڵیە گەورەكان، ئەمەش بەسە بۆئەوەی زۆرینەی بەرپرسە باڵاكانی حزب گەورەكان راپێچی بەردەم دادگا بكرێن.

3.         ئازادی میدیا برێكی زۆر روناكی دەخاتەسەر ئەو ژوورە تاریكانەی بریارە سیاسی و ئیداری و ئابوری.. لێوەدەردەچێت، هەروەك نیاز و نهێنی پشتی یاساكان ئاشكرا دەكات، ئەمەش بەسە مەسەلەی ئازادی و دیموكراسی لەم هەرێمەدا مایەپوچ بكات.

لەبەرامبەر ئەو سێ كاریگەرە گەورەیەی میدیای ئازاد هەیەتی، كە سەرجەمیان لە پرۆسەكانی كەشفكردن و زانیاری بەخشن و داتادا چردەبێتەوە، دەسەڵات تا دێت دیواری نهێنی و ژوورە داخراوەكانی ئەستورتر دەكات، بەمەش نەك زانیاری و داتاكان وندەكرێت، بەڵكو كۆمەڵگایەكی نەخۆش و بێ داتا و زانیاریمان دەستدەكەوێت، لەم پرۆسەیەدا تا دێت سنورەكان ئازادی بەرتەسك دەكرێتەوە، دیموكراسی و رۆشنی بریار و پەیوەندیەكان بەرەو چارەنوسێكی نادیار دەروات.

هەنووكە دەبێت ئەو راستیە بزانین هەر هەرەشەیەك بۆسەر میدیای ئازاد بریتیە لە هەرەشە بۆ سەر كۆی كۆمەڵگا، ئەگەر ئەو هەرەشانەی دەكرێتە سەر میدیای ئازاد بە یاسا و رێسا رێكخرا، ئەگەر دامەزراوە نهێنی و مەدەنی و حكومیەكان پشتگیری ئەم پرۆسەیە بكەن (پرۆسە دژایەتیكردنی میدیای ئازاد)، ئەو كات هەموو بانگەشە و پیاهەڵدانێك بە ئەزموونی دیموكراسی و ئازادی جگە لە كۆمیدیایەكی پێكەنیناوی و گاڵتەجاری هیچی تر نابێت.

 

رؤشنطةرى

C 2010 All right reserved, roshngari.com