head
 

ئازادی ...دەروازەیەك بۆ لێبوردەیی و پێكەوەژیان ، كەركوك بە نمونە

مەریوان عەلی

 

 

 

ئەوەی دەبێتە هوتافی هاوڵاتی باش لە ژێ سایەی حكومەتێكی یاسایدا، بریتیە لە پابەندبوونی راستەوخۆ و ڕەخنەگرتن بە ئازادانە.

                                                    جیرمی بنتام

                               A Fragment on Government

 

 

لای جیرمی بنتام (هەروەك لای سۆقراتیش) پرسی راست و هەڵە، چاكە و خراپە، جوان و ناشرین، پێویستە بەردەوام جێگەی ناكۆكی بێت لە ژیانی سیاسیدا، پێویستە بەردەوم جێگەی تێرامان و وەستان بێت لەسەری، هەروایشە هەتا هەڵە و خراپە ناشرینیەكان كەشف نەكرێن، ئەوا برێكی زۆری راستی و چاكە و جوانی دەشاردرێنەوە.

 رۆژگاری سەركەوتنی چاكە بە سەر خراپەدا، رۆژگاری كۆتایهێنانی ستەمكاری و توتالیتاریزم...رۆژگارێكن تنۆك تنۆك نادادپەروەری و ئازار و مەینەتی لێ دەچۆرێت...بەداخەوە شاری كەركوك بۆ چەندین ساڵە ئەو رۆژگارانە تێدەپەرێنێت، رۆژگاری چەپۆكی ستەمكاری و راگواستن و پەراوێزخستن، ئەوەی ئەم شارە لە هەر شوێنێكی تری دونیا زیاتر پێویستی پێیەتی سێ مەسەلەی گرنگە: ئازادی، لێبوردەیی، پێكەوەژیان، بێگومان ئەم چەمكانە لە حاڵەتێكی شێوێندراوی شارەكەدا، لە حاڵەتی ناكۆكی نێوان سیاسیەكان، لە حاڵەتی تەماشاكردنی ئەم شارە وەك كێڵگەیەكی نەوت، یان وەك سەرچاوەیەكی بەهێزی دەسەڵات، ئەستەمە ئەو چەمكانە راڤەبكرێن..ئەستەمە بەر بەو ململانێیانە بگیرێت كە خەڵكەكەی دەكاتە قەقنەس..

 یەكێك لەو مەسەلە گرنگانەی لە هەموو دەورانێكی مێژوویدا جێگەی لێدوان و گفتوگۆیە، پەیوەندی دیالەكتیكی نێوان ئازادی (الحریە) و لێبوردەیی(التسامح) و پێكەوە ژیانە(التعایش السلمی) لە كۆمەڵگا جیاوازەكانی دونیادا، هەڵبەت ئەم چەمكانە لە رەهەندی (بعد) رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و سیاسی بە شێوەیەكی زۆر بەرفراوان بەكاردەهێندرێت، ئەم چەمكانە میراتگری شارستانیەتی(الحچارە) ئەوروپایە، هی ئەو چركە ساتە مێژوویانەیە كە تێدا رێگری لە جیاكاری(التمیز) نەژادی(العرقی) و ئاینی دەكرا لە بەرامبەر دەمارگرژی(التعصب) و توندوتیژیدا.

تا ئەندازەیەكی زۆر مێژووی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە رۆماوە سەریهەڵداوە ئەو كاتەی مەسیحیەكانی رۆما نەیان دەتوانی بە ئاسانی ژیانێكی ئاسایی بژین! ئەوان لە ژێز ئازار و ئەشكەنجەدا ژیانیان دەبردەسەر چونكە بە جۆرێك لە جۆرەكان (مەسیحیەكان) بوبونە هەرەشە و مەترسی لەسەر سیستەمی ئەخلاقی رۆم كە چەندین خواوەندی جیاواز جیاوازیان دەپەرست.

مێژووی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لەم تارەدا نابێتە جێگەی لێدوان و بەدواداچون، ئەوەی دەبێتە جێگەی لێدوان و گفتوگۆی جدی، چۆنیەتی مومارەسەكردنی ئازادیە لەسەر ئەرزی واقع، ئەوەی دەبێتە جێگەی سەرنج و دیبەیتێكی قوڵ ئەو پرسە گرنگانەیە كە خۆیان لە چەند خاڵێكی سەرەكیدا دەبینێتەوە:

یەكەم/ ئایا ئازادی دەبێتە زەمینەسازی لێبوردەیی و پێكەوەژیان؟ یان ئازادی لە پرسی تاكەكەسدا كورتدەكرێتەوە و هەرچی چەمكەكانی لێبوردەیی و پێكەوەژیانەیشە سەر بە كێشەگەلێكی ئاینی و سیاسی رووتی دەستەجەمعین؟

 

دووەم/ ئایا چەمكەكانی ئازادی و لێبوردەیی و پێكەوەژیان...سەربەكلتوری و مێژووی ئەورپان، یان چەمكێكن دەكرێت تەفاعل لەگەڵا كلتوری ئێمەدا بكات و مێژوویەكی نوێ لە رۆژهەڵاتیش تۆماربكات.

سێهەم/ ئایا لە عێراقی نوێدا دەتواندرێت چەمكەكانی ئازادی و لێبوردەیی و پێكەوەژیان بكرێتە هەوێنی دەستورێكی جێگیری ژیاندۆستی و هەڵكردنی نەتەوە و ئاین و ئیتنكیە جیاوازەكان پێكەوە لە ژێر یەك چەتردا؟ داخۆ چۆن دەكرێت ئاسەوارەكانی ئیستبدادیەت و خوێن و ئاوارەبوون و دەربەدەری بسرینەوە؟ بەتەنیشت ئەو مێژووە، مێژوویەكی نوێ دەستپێ بكات كە تێدا هەمووان شانازی بە جیاوازیەكانی یەكترەوە بكەین و رێزیش لە ئازادیەكانی بەرامبەر بگرین.

وەڵامی ئەو پرسیارانە بە زنجیریەك كردە و بریار و بیركردنەوەدا تێدەپەرێت. سەرەتا لە هەوڵی راستكردنەوەی باری دیموگرافی شارەكەوە دەستپێدەكرێت، مێژووی ئەم شارە جیاناكرێتەوە لە مێژووی ستەمكاری لە عێراقدا، برێكی زۆری ستەمكاری لەم شارەدا لە تێكدانی كوچە و كۆڵان و دەركردنی خێزانەكانەوە سەرچاوەدەگرێت، مێژووی ڕاگواستن بە هەر دوو ئاراستەكەید(لە باشورەوە بۆ كەروكوك و لە كەركوكەوە بۆ باكور) مێژوویەكە بووەتە ئاوێنە و چەقی ستەمكاری لە كەركوكدا، بەبێ راستكردنەوەی ئەو كارەساتانەی لە ساتەوەختی راگواستندا روویانداوە ئەستەمە دەستكاری برینە قوڵەكانی كەركوك بكرێت، هەڵكەندن لە زێدی خود بە شێوازێكی توندوتیژی و دڵڕەقانە سەرەتای چیرۆكی ستەمكاریە لەم شارەدا، هەر بۆیە پێچەوانەكەی ئەنجامبدرێتەوە، بەوەی ئەوانەی لەم شارەدا دەركراون بگەرێندرێنەوە سەر زێدی خۆیان، دیارە ئەمە هەموو چیرۆكەكە نییە وەك ئەوەی سیاسەكان دەیانەوێت ئەم پرسە بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەكاربهێنن، بەڵكو دەبێت باری شێوێندراوی شارە بە كۆمەڵێك بریاری ئەقڵانی چارەسەر بكرێت، نەك لە جێگەی مەزوڵم زاڵمێك قوتبكرێتەوە.

هەڵبەت لێرەدا زیاتر مەبەستمانە تیشكبخرێتە سەر ئەو بیركردنەوەیەی هەم لە پشت تێكدانی شارەكەوەیە، هەم لە پشت بونیادنانەوەی تەندروستانەی شارەكەدا ئامادەگی هەبوە و هەیە.

بیركردنەوەی تێكدانی شاری كەركوك لەسەر بنەمای دەمارگیری و شۆفینی و نەفیكردنی كورد دامەزراوە، بۆیە پێویستە ئەم جۆرە بیركردنەوەیە لە ڕەگ و ریشەوە هەڵبكەندرێت، سەرلەنوێ عەرەبەكان ئەوانەی لە پشت ئەم سیاسەتەوەن وە ئەوانەی ئێستا بەناوی ئەو سیاسەتەوە لە كەركوكدا جێگیركراون، بخرێنە بەردەم دووریانێكی مێژووی كە تێیدا شار دەگەرێنێتەوە سەرباری ئاسایی و پرسی داپەروەری لە شارەدا بەشێوەی بێ لایەنی جێبەجێبكرێت، هەڵبەت لە ساتەوەختی جێبەجێكردنی دادپەروەریدا؟، پرسیاری ئەوەی ئایا دوای نەمای بەعس و ئەو سیاسەتەی لە پشت تێكدانی شارەكەوە بووەئامادەگی و بەردەوامی هەیە یان زەمەنی بەسەرچوە؟ 

ئەگەر لە وەڵامی پرسیارەكانی پێشودا، چەند خاڵێكی هاوبەش(مشترك) ببێتە وەڵام ئەوەیە: ئێمە بە شوێن ئەخلاقێكی نوێی پێكەوە هەڵكردن و یەكتر قبوڵكردندا دەگەرێین، كە ركیزە سەرەكییەكەی لە چەمكی ئازادیەوە سەرچاوە دەگریت، ئێمە ئێستا لە هەموو كات زیاتر بەشوێن ئەنزیمەیەكی سیاسیدا نوێدا دەگەرێین كە بتوانێت ئیستعابی هەموو نەتەوە و ئاین و ئیتنیك و گروپێكی جیاواز بكات، دروست بەشوێن جۆرێك تێگەیشتندا دەگەرێین كە هەموو پێكهاتە جیاوازەكان لە ژێر یەك چەترا كۆبكاتەوە و جارێكی تر ئەنزیمەیەكی سیاسی حوكم نەكات كە ئیستبدادیەت و توندوتیژی و راگواستن لە باشورەوە بۆ كەركوك و لە كەركوەوە باكورەوە ئەنجامبدات، بەمەش نەك بەتەنها باری دیموگرافی ئەم شارەی شێواندراوە، بەڵكو مێژوو و ڕەسەنایەتی و بڵانسی نێوان پێكهاتەكانی تێكچووە، ئەمە لە كاتێكدایە لە رێگەی پیادەكردنی ئەم جۆرە سیاسەتەی بەعسیزمەوە تۆوی ململانێیەكی نا ئەخلاقی و نا سەردەمیانە روێندراوە، كە هەنووكە ئەستەمە برینەكانی ئەو قوربانیانەی لەم ململانێەدا لێدراون هەروا بە ئاسانی سارێژبكرێن.

 ئەوەی پێویستە وەك دەمارێكی زیندەگی بە نێو جەستەی ئەم شارەدا هاتوچۆ بكات و هەموو شادەمارەكانی تر بەیەكەوە ببستێتەوە، جێگیركردنی دەسەڵاتی یاسایە، یاسایەكی دادپەروەرانە كە لەلایەن ئەو یاسادانەرانەوە دارێژرابێت كە ئازادن لە كۆتوبەندی دەسەڵات، دارێژەرانی یاساكان بەجۆرێك لە جۆرەكان دورن لە دیدی سیاسەتی لایەنگیری، نزیك لەم تێزە، جیرمی بنتام دەنوسێت "یاسا دانەرەكان فێربوون، ئەوانەی خۆیان ئازادكردووە لە كۆتوبەندی دەسەڵات، پۆلێكن دەكەونە سەروی تەمومژی لایەنگیری، دەشزانن چۆن یاسا دادەرێژ لەم وڵاتەدا ..."

هەرچی مەسەلەی دادپەروەری و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئازادانەیە دەبێت بەنێو جەنجاڵیەكی قوڵدا تێپەرێت،..بیهێننە بەرچاوی خۆتان كەسێك لە زێدی خۆیدا ئاوارە بێت...بیهێننە بەرچاوی خۆتان كەسێك نەتوانێت ئازادانە بۆچونەكانی خۆی دەرببرێت و نەترسێت لەوەی وەك سۆرانی مامە حەمە لەبەردەم دەرگای ماڵی خۆیدا شەهید نەكرێت... بیهێننە بەرچاوی خۆت سێ پێكهاتەی ڕەسەنی ئەم شارە كە كورد و عەرەب و توركمانە نەتوانن خاڵی هاوبەش بدۆزننەوە و پێكەوە خزمەتی ئەم شارە بكەن...بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەم شارە كە دەوڵەمەندترین شاری دونیایە لێوان لێوە لە هەژار و بێ خزمەتكردن و خاپور ئاسا لە شارێكی خامۆش دەچێت.

هەموو رووداوەكانی رابردوو، هەموو ئەو نادادپەروەریانەی رویانداوە و روودەدەن، هەموو ئازارەكانی كەركوك، پیادەكردنی دیلێتی و دەماگیری و زۆر شتی تر لە زاكیرە و فكر و بیركردنەوەی هەمووماندا هاتوچۆ دەكات، هەموو ئەو شتانە وامان لێدەكات هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین لەوەی بەدەستی خۆمان غەدر لەم شارە بكەین.

دەكرا كەركوك ببوایە بە بوكی شارەكانی عێراق و هێمای پێكەوەژیان و لێبوردەیی... دەكرا كەركوك ببوایە بە رازاوەترین شاری عێراق و كوردستان كە جوانیەكەی لە سامانە ڕەشەكەیەوە نەهاتایە دەرەوە، بەڵكو لە چەمكی ئازادیەوە بهاتایەو سەری هەڵبدایە.

تاكە چارەسەری سەرجەم كێشە و گرفت و برینە قوڵەكانی ئەم شارە تەنها و تەنها لە رێگەی پیادەكردنی ئازادی و پێكەوە ژیان و لێبوردەییەوە دەبێت.

 

رؤشنطةرى

C 2010 All right reserved, roshngari.com